لەنێو پێشمەرگە هەڵمەتێک دژی نەخۆشی لیشمانیا دەستیپێکرد

02-04-2016
هونەر رێبوار
نیشانەکردن پێشمەرگە
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر هەڵمەتێکی فراوانی دژی نەخۆشی لیشمانیا لە بەرەکانی جەنگی سنووری پارێزگای هەولێر دەستپێکرد.

د. سامان بەرزنجی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێر بە رووداوی گووت، بە مەبەستی رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی لیشمانیا لە وەرزی گەرما، هەڵمەتێکی فراوان ئەنجامدەدەن و تێیدا 10 هەزار پەردەکولەی دەرمانکراو بە دەرمانی دژی مێش و مەگەز بڵاودەکەنەوە.

"لە هەڵمەتەکەدا 10 هەزار نامیلکەی تایبەت بە نەخۆشیی لیشمانیا بڵاودەکەنەوە و بەردەوامدەبن تاکو هەموو سەنگەرەکانی پێشمەرگەی سنووری پارێزگای هەولێر بە دەرمانی تایبەت دەڕشێنن" ئەمە گوتەی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی هەولێرە.  

بەگوێرەی لێدوانێکی بەرزنجی، تیمەکانی تەندروستی چارەسەری ئەو پێشمەرگانەیان کردووە کە تووشی نەخۆشییەکە بوون و دەرمانی پێویستیش رادەستی بنکە تەندروستییەکانی نێو پێشمەرگە کراون.

لە هەڵمەتەکەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێردا، تیمەکانی فریاگوزاری سەرەتایی و تیمەکانی پاراستنی تەندروستی هەولێر بەشداربوون.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە