سەعدی پیرە پشتیوانی لە ئیدارەی PYD دەكات

31-12-2013
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن سەعدی پیرە PYD
A+ A-
رووداو – هەولێر 
 
سەعدی پیرە ، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانیی كوردستان پشتیوانی خۆی بۆ ئیدارەی خۆجێیی پارتی یەكێتی دیموكراتی PYD لە رۆژئاوای كوردستان، راگەیاند .

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی PYD ، سەعدی پیرە هاوڕێ لەگەڵ عومەر ئەحمەد حامی ، نوێنەری یەكێتی لە نەمسا، لە ڤیەننای پایتەختی نەمسا لەگەڵ ساڵح موسلیم ، هاوسەرۆكی PYD كۆبوونەتەوەو  لە كۆبوونەوەكەدا سەعدی پیرە پشتیوانی خۆی بۆ ئیدارەی خۆجێیی PYD راگەیاندووە ، كە PYD ئێستا ئامادەكاری راگەیاندنی دەكات لە رۆژئاوای كوردستاندا . 

هەروەها بەپێی هەواڵەكە ، هەردوولا داوایانكردووە دەروازەی سێمالكا لەنێوان باشووری كوردستان و رۆژئاوای كوردستاندا بكرێتەوە.

هەروەها رۆژنامە و ماڵپەڕی فەرمی PYDیش ، رەخنەی لەوەگرتووە كە "برایانی هەرێمی كوردستان" بەشدارن لە ئابلۆقەدانی رۆژئاوای كوردستاندا . 

هەفتەی رابردوو ، زنجیرەیەك كۆبوونەوە لەنێوان پارتەكانی ئەنجوومەنی نیشتمانی كورد لە سووریا و PYD، بە سەرپەرشتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و نێوانگیریی پەرلەمانتاری كورد لەیلا زانا و عوسمان بایدەمیر ، سەرۆكی شارەوانی ئامەد ، لە هەولێر بەڕێوەچوون . یەكێك لەو خاڵانەی راگەیێندرا كە رێككەوتنی لەسەركراوە ، كردنەوەی دەروازەی سێمالكا بوو، كە PYD چەند جارێك رایگەیاند كە پارتی دیموكراتی كوردستان دایدەخات ، ئینجا دوای رێگەنەدان بە تێپەڕینی ساڵح موسلیم بۆ باشووری كوردستان لەلایەن بەڕێوەبەرانی هەرێمی كوردستان لە دەروازەكەدا، PYD دەروازەكەی داخست .

بەپێی سەرچاوەی پشتڕاستنەكراوە، ئێستا حكومەتی سووریا رێگە بە PYD نادات دەروازەكە لەگەڵ باشووری كوردستاندا بكاتەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە