ئاڵا تاڵەبانی: ئەگەر هەموو وەزیرەكان بگۆڕێن دەبێت عەبادیش بگۆڕدرێت

01-04-2016
رووداو @Rudawkurdish
.....
.....
نیشانەکردن عەبادی ئاڵا تاڵەبانی
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئەگەر هەموو وەزیرەكان بگۆڕدرێن دەبێت عەبادی خۆیشی بگۆڕدرێت. فراکسیۆنە کوردییەکانیش رایدەگەیەنن، سازش لە پشکی کورد ناکەن.

رۆژی 31-3-2016 حەیدەر عەبادی لیستی گۆرانکارییەکانی کابینەکەی پێشکەشی پەرلەمانی عێراق کرد، کە تێیدا هیچ وەزیرێکی تێدا نییە کە فراکسیۆنە کوردستانییەکان کاندیدیان کردبێت.

لەگەڵ هەڵدانی خێوەتی مانگرتنی سەدر لە ناوچەی سەدر ئێستا ماڵی شیعەكان بەرەوە لێكترازان رۆیشتووە، پرسی گۆڕانكاری لە وەزارەتەكان خەریكە دەگاتە كورسییەكەی عەبادیش، ئەویش كاتێك ئاڵا تاڵەبانی سەرۆكی فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی عێراق باسی سیناریۆی گۆڕینی كەسی یەكەمی لە حكومەتی عێراقی كرد.

ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت "خاڵی دووەم ئەوەیە عەبادی خۆی لیستێكی هەبێت بۆ ئەوەی هەموو حكومەت بگۆڕێت، بەڵام لەو كاتەدا پێویستە عەبادی یەكەم كەس خۆی بگۆڕێت دواتر وەزیرەكان".

سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەبەلاخێکی هاوبەشدا و پێکەوە، ئەو پەیامەیان گەیاندە بەرپرسانی بەغدا کە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر پشکی کورد ناکەن و پشتگیری هیچ پرۆژەیەکیش ناکەن کە تێدا مافەکانی کورد زامن نەکات.

سەرەڕای ململانێییەكی تووندی سیاسی لە هەرێمی كوردستان، دواجار فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە ماڵی سەرۆككۆمارەوە بەیاننامەیەكی هاوبەشیان ئاراستەی حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق كرد كە بە هیچ شێوەیەك سازش لە سەر پشكی كورد لە عێراق ناكەن.

هەر پێنج لایەنە كوردستانییەكە رایانگەیاند، كە بە هیچ شێوەیەك سی ڤی وەزیرەكانیان نادەنە عەبادی تاوەكو دڵنیانەبن لەوەی 20%ی پشكی ئەو كابینەیە هی كورد دەبێت، ئەم گوتارەی كورد لە بەغدا تەواوكەری پەیامی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بوو كاتێك رایگەیاند، بارزانی ناڕازییە لە پێشلكردنی بنەمای هاوبەشی حوكمڕانی لە عێراق.

هەوڵێكی دیكەی عەبادی بۆ پەرتكردنی ماڵی كوردو راكێشانی چەند لایەنێك بۆ نێو حكومەتەكەی بەبێ‌ لایەنەكانی دیكە شكستی هێنا، كاتێك عەبادی لە پشتی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی و فراكسیۆنە كوردستانییەكان داوای سی ڤی د. عالیە فەرەج ژنە چالاكڤانی ئەو حیزبەی كردبوو، بەڵام یەكگرتوو وەكو خۆیان دەڵێن لە ئەجێندای عەبادی تێگەیشتن و داواكەیان رەتكردەوە.

فراكسیۆنە كوردستانییەكان لە خاڵی دووەمی پەیامەكەیاندا كە لە ماڵی سەرۆككۆمار بڵاویان كردەوە، بە روونی ئاماژەیان بەوەداوە كە كورد لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە و بەگوێرەی بەركەوتی هەڵبژاردن بەشدارە لە دەوڵەتی عێراق دەكات. 

هاوكات فراكسیۆنە كوردستانییەكان رایانگەیاندبوو، نوێنەرایەتی كوردستان لە زۆر لە جومگەكانی دەوڵەتی عێراقدا كەموكوڕی و تێدایە و داوای راستكردنەوەی رێژەی نوێنەرایەتی دەكات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە