بکوژی ئەندامەکەی حدکا لە سۆران دەستگیرکرا

30-03-2018
بەختیار قادر
بەختیار قادر
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پۆلیسی سۆران لەبارەی کوژرانی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی)
کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی پۆلیسی سۆران لەبارەی کوژرانی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی)
نیشانەکردن سۆران
A+ A-

رووداو - سۆران

پۆلیسی سۆران رایدەگەیێنێت، ئەو کەسەی ئەندامەکەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)ـی کوشتووە، کوڕەکەی خۆی بووە و دوای چەند کاژێرێک دەستگیرکراوە. 

رائید هاوار ئەرگوشی، گوتەبێژی پۆلیسی سۆران لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند: "بکوژی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) کوڕەکەی خۆی بووە، دوای چەند کاژێرێکیش لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکرا".

بەگوتەی هاوار ئەرگوشی، بکوژەکە ناوی محەممەدە، لەدایکبووی ساڵی 1996ە و پیشەی خوێندکارە. بە چەکەکەی باوکی تاوانەکەی ئەنجامداوە و زیاتر لە 10 گوللەی کڵاشینکۆفی لێداون. ئاماژەی بەوەش کرد کە لای پۆلیس دانی بە تاوانەکەیدا ناوە و، رەتیشی کردووەتەوە لە کوشتنی باوکی پەشیمان بێت.

وەک هاوار ئەرگوشی باسیکرد، بکوژەکە هۆکاری کوشتنی باوکی بۆ پۆلیس ئاشکراکردووە و رایگەیاندووە، باوکی بۆ ماوەیەکی زۆر مامەڵەی خراپی لەگەڵ خۆی و خانەوادەکەی کردووە، هەروەها چەند رۆژێک پێش ئێستا لێیداوە و هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بۆیە ئەویش ئەمڕۆ کوشتوویەتی. ئەرگوشی جەختی لەوەش کردەوە کە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە لێکۆڵیەوە بەردەوامدەبێت.

کاژێر 6:00ـی بەرەبەیانی رۆژی هەینی 30-3-2018، لە قەزای سۆران تەقە لە ئەندامێکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بەناوی ئەحمەد میر ئەحمەدی ناسراو بە (ئەحمەد ئێرانی) کرا و دەستبەجێ گیانی لەدەستدا. 

ئەحمەد میر ئەحمەدی لە ساڵی 1964 لە دایکبووە، بەگوتەی کەسوکارەکەی 40 ساڵ ئەندامی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بووە و، سێ جار لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە زیندانی کراوە. 

ئەمە لەکاتێکدایە رۆژی 1-3-2018، لە قەزای بنەسڵاوەی هەولێر بۆمبێکی چێنراو بە ئۆتۆمبێلی فەرماندەیەکی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا) بە ناوی سەڵاح عەباس تەقییەوە، بەهۆیەوە خۆی و کوڕێکی تەمەن 33 ساڵی بە ناوی سەباح برینداربوون. دوای چەند کاژێرێک مانەوەش لە نەخۆشخانە سەباح گیانی لەدەستدا.

هاوکات رۆژی 7-3-2018، کادیر و یەکێک لە فەرماندەکانی پێشمەرگەی حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) بەناوی (قادر قادری) لە ناوچەی بالیسانی باشووری کوردستان تەقەی لێکرا و کوژرا.

دواتر حیزبی دیموکراتی کوردستان (حدک) لە راگەیێندراوێکدا تۆمەتی کوشتنی قادر قادری خستە ئەستۆی کۆماری ئیسلامیی ئێران، راشیگەیاند: "تاوانبارانی تیرۆرکردنەکە باندێکی پێنج کەسی بوونە (ژنێک و چوار پیاو) و سەرجەمیان دەستگیرکراون، فەرمانیشیان لە ئیتڵاعاتی ئێرانەوە وەرگرتووە".

داڕشتنەوە: دەرباز ساڵح

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە