سوپای عێراق لە مەخموور بە چەکی ئەمریکی پڕچەککراوه

31-03-2016
سەنگەر عەبدولڕەحمان
سەنگەر عەبدولڕەحمان @sangarrudaw
.....
.....
نیشانەکردن مەخموور
A+ A-

رووداو - مەخموور

ئەمریکا ئەو سێ لیوایەی سوپای عێراقی پڕچەککردووە، کە لە سنووری مەخموور جێگرکراون.

جگە لە پڕچەككردن، راهێنەری ئەمریکیش لەگەڵ سەربازانی سوپای عێراقە بۆ راهێنان و راوێژپێکردن لەکاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا.

لە چەند رۆژی رابردوودا پێشڕەوییەكانی سوپای عێراق لە میحوەری مەخموور وەك پێویست نەبوو،  بەڵام فەرماندەیەکی سوپای عێراق لە مەخموور دەڵێت، ئەو پلانەی دانراوە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی چەند گوندێک جێبەجێی دەکەن.

وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانی کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری نەینەوا بەهۆی کەمی شارەزایی بەسستی دەستیان پێكردووە.

رۆژی چوارشەممە 30-3-2016 خالید عوبەیدی، وەزیری بەرگریی عێراق لە مەخموور کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و باسی لەهاتنی ئەو هێزەی سوپای عێراقی کرد، کە بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەری نەینەوا هاتوون و گوتی "هێزە عێراقییەکان ورەیان بەرزە و چەکی پێشکەوتوویان هەیە".

لەبەشێکی قسەکانیدا عوبەیدی گوتی "سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ پێویستی بە نەخۆشخانەیەکی سەربازی هەیە، چونکە نامانەوێت بارقورسی بخەینەسەر نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان".

سەبارەت بە خەرجییەکانی سوپای عێراق و رۆڵی حەشدی شەعبی لە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، ناتوانێت باسی خەرجییەکانی سوپای عێراق بکات.

ئەو سێ لیوایەی سوپای عێراق کە شەڕی کۆنترڵکرندەوەی موسڵیان لە رۆژ ئاوای مەخموورەوە دەستپێکرد، هەموو چەک و هامەری نوێی ئەمریکییان وەرگرتووە، زۆربەی هەرە زۆریشیان دروستکراوی ساڵی 2016 و هەندێکیشیان پیش ئەوەی وادەی بەکارهێنانی بێت، خراوەتە بەردەست سوپای عێراق.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە