رووداو- هەولێر
دوای زیاتر لە ١٤ ساڵ بەسەر مردنی سوعاد حوسنی، خانمە ئەکتەر و گۆرانیبێژی بەناوبانگی میسری، ئێستا خوشکەکەی دەیەوێت پەردە لەسەر چەندین نهێنی نەزاندراو لابدات و پێیوایە کە سەندرێلای شاشەی عەرەب کوژراوە. هونەرمەندێکی کوردیش کە پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ خانەوادەکەی هەیە، دەڵێت چەند کەسێکی بەرپرس لەنێو حکومەتی ئەو کاتەی میسر دەستیان لە کوشتنیدا هەبووە.
جانجا-ی خوشکی سوعاد حوسنی، تەواوی قسەکانی هەڵکەوت زاهیر-ی ئاوازدانەری کورد پشتڕاستدەکاتەوە و لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رووداودا گوتی، کە کتێبێک لە بارەی چۆنیەتی کوشتنی سوعاد حوسنی بەتەواوی دۆکیۆمێنتەوە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاودەکاتەوە، بۆ ئەم مەبەستەش لەگەڵ ناوەندێکی بڵاوکردنەوە گفتوگۆی کردووە. دەشڵێت کەس ناتوانێت نکۆڵی لە هاوسەرگیری سوعاد حوسنی و عەبدولحەلیم حافز بکات.
چواردە ساڵە سوعاد حوسنی مردووە، بەڵام نەک لە میسر، لە هەرێمی کوردستانیش هاونیشتمانیان بینەری فیلمەکانی بوون و تاوەکو ئێستا ئەم هونەرمەندەیان لە بیر ماوە.
هونەرمەندی میسری سوعاد حوسنی، ناسراو بە ساندرێلای شاشەی عەرەبی لە ساڵی 1943 لە قاهیرە لە دایکبووە و لە ساڵی 2001 لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیا گیانی لەدەستدا، لەسەر مردنی ئەم ئەستێرەیە چەندین سینیاریۆ لە وڵاتە عەرەبییەکان بەبەردەوامی بڵاودەبنەوە، لە ساڵانی 1959 تاوەکو 1991 لە دەیان فیلمی سینەمایی رۆڵی سەرەکی بینیووە، ناسناوی سەندرێلای شاشە عەرەبییەکانی پێبەخشراوە.



