وەزارەتی پێشمەرگە، لێدوانی نوری مالیکی و هاتنی عەلی غێدان، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای عێراق بۆ هەرێمی کوردستان رەتدەکاتەوە.
لەگەڵ ئەوەی نوری مالیکی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە گوتاری هەفتانەی خۆیدا دوێنێ بڕیاریدا هێزی زیاتر رەوانەی خورماتوو بکرێ، بەڵام جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکدا بۆ (رووداو) رایدەگەیێنێ، مالیکی بڕیاری رەوانەکردنی هێزی نەداوە، بەڵکو بڕیاریداوە شاندێکی ئەمنی رەوانەی ناوچە بکات و لە خراپبوونی رەوشی خورماتوو بکۆڵێتەوە.
هاوکات جەبار یاوەر، رەتیشیکردەوە عەلی غێدان، فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای عێراق سەردانی هەرێمی کوردستان بکات و لەگەل بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆبێتەوە.
ئەمە لە کاتێکدایە هەندێ دەزگای راگەیاندن بڵاویانکردوە کە عەلی غێدان، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ گەوەر بەرپرسانی وەزارەتی پێشمەرگە کۆدەبێتەوە، بە مەبەستی تاوتوێکردنی پرسی لیوای 16ی سوپای عێراق، کە زۆربەیان کوردن و ئامادەنین بڕیاری گواستنەوەیان جێبەجێ بکەن، کە ئەوان بە سیاسی دەزانن.
یاوەر روونیشیکردەوە عەلی غێدان، كە فەرماندەی هێزی وشکانی سوپای عێراقە سەردانی ناوچەی خورماتوو دەکات نەک هەرێمی کوردستان و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو دەڤەرە کۆدەبێتەوە.

.jpg&w=3840&q=75)

