بارزانی: پێشمەرگە سیحری داعشی بەتاڵكردەوە

28-08-2014
دەرباز ساڵح
نیشانەکردن بارزانی داعش
A+ A-

رووداو- هەولێر

سەرۆكی هەرێمی كوردستان  تیشك دەخاتە سەر سەركەوتنە مەیدانییەكانی پێشمەرگە بەسەر داعشدا و رایدەگەیەنێ ، هێزەكانی پێشمەرگە بە سەركەوتنەكانیان سیحری تیرۆریستانیان بەتاڵكردەوە كە خۆیان بە هێزێك دەزانی كە هەرگیز ناشكێن.

مەسعودبارزانی دەڵێت بۆ ئێمە جێگەی شانازییە كە لەجیاتی هەموو جیهان شەڕی ئەم تیرۆریستانە دەكەین و  جەختیشدەكاتەوە كە هێزەكانی پێشمەرگە لە دۆخی هێرشبردندان و ئاماژەكانی رووخان و تێكشكانی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە بە روونی دەركەوتوون.

بەپێی هەواڵێكی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 28 ی ئاب لە سەڵاحەدین، مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژەنەڕاڵ سیر سیمۆن، نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكومەتی بریتانیا بۆ هەرێمی كوردستان و شاندێكی یاوەری كردووە.  لەو دیدارەدا بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە تیرۆر هەڕەشەیەكە بۆ سەر هەموو لایەك و هیچ سنوورێك ناناسێ و لە هیچ شوێنێك ناگیرسێتەوە، بۆیە لەناوبردنی پێویستی بە هەوڵێكی دەولی و هەمە لایەنە و رێوشوێن و پلانی گشتگیر و نوێ هەیە.

پەیوەست بە بارودۆخی ئاوارەكان، بارزانی دووپاتیكردووەتەوە كە یارمەتیدانی خەڵكی لێقەوماو و پارستنیان لە هەڕەشەی تیرۆریستان بە ئەركێكی مرۆیی و نیشتمانی دەزانن و لەپێناو پاراستنی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانیش قوربانی و شەهیدیان داوە.

بارزانی ئاماژەی بەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان داوە كە روویان لە كوردستان كردووە و رایگەیاندووە كە كوردستان بە هەموو توانایەك یارمەتییان دەدات بەڵام ژمارە و ئاستی كارەساتەكە لە توانای كوردستان زیاترە، ئەوەیشی بۆ نێردراوی تایبەتی ئاساییشی حكومەتی بریتانیا باسكردووە كە "پێویستە خوشك و برا مەسیحییەكان و ئاوارەكان بیر لە جێهێشتنی وڵاتەكەیان نەكەنەوە و چارەسەری سەرەكییش لەوەدایە ناوچەكانیان ئازادبكرێت و یارمەتیی گەڕانەوە و نیشتەجێبوونیان بدرێت و لە هەڕەشەكانیش بپارێزرێن".

سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسیی عێراقیش سەرۆكی هەرێمی كوردستان هێمای بەوەداوە كە پێویستە پڕۆسەی سیاسی تەنیا بە ئاراستەی گۆڕینی دەموچاو نەڕوات، بەڵكو لەگەڵ ئەوە دەبێ بەرنامە و سیستم و تەفكیری سیاسیی بگۆڕێت و حكومەتێك بە بەشداریی هەموو لایەك و لەسەر بنەمای شەراكەتی راستەقینە دابمەزرێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە