قوباد تاڵەبانی: دوای لەنێوبردنی داعش پێویستمان بە چارەسەری سیاسییە

28-07-2016
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن قوباد تاڵەبانی داعش یەکێتی ئەوروپا
A+ A-

رووداو - هەولێر 

قوباد تاڵەبانی لەگەڵ شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا کۆبووەوە و رایگەیاند، دوای لەنێوبردنی داعش پێویستە دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت.


رۆژی پێنجشەممە 28-7-2016 قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێكی باڵای یەكێتیی ئەوروپا بە سەرۆكایەتیی كریستوس ستایلیانیدس، كۆمیسیاری هاوكاریی مرۆیی و بەڕێوەبردنی قەیرانەكان لە یەكێتی ئەوروپا و شاندێكی یاوەری كرد.

بەپێی راگەیێندراوێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەو گرفتانە كرد كە رووبەڕووی هەرێمی كوردستان بوونەتەوە؛ لەوانە شەڕی داعش و قەیرانی دارایی.

قوباد تاڵەبانی رایگەیاندووە "ئازادكردنەوەی شاری موسڵ لەلایەنی سەربازییەوە كۆتا چارەسەر نییە، بەڵكو پێویستە لەلایەنی ئابووریی، كۆمەڵایەتی، ئەمنی و سیاسیشەوە چارەسەری ئەو كێشانە بكرێت كە چاوەڕێ دەكرێت سەرهەڵبدەن. هاوكات دوای لەنێوبردنی داعش پێویستیمان بە چارەسەری سیاسییە".

جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان بە پێویستی زانی "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكاریی زیاتری هەرێمی كوردستان بكات تاوەكو بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەتگوزاری بۆ ئاوارە و پەنابەرانی دەستی تیرۆر و ئەو ئاوارانەی كە پێشبینی دەكرێت لە كاتی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی ئازادكرنەوەی شاری موسڵ روو لە هەرێمی كوردستان بكەن، دابینبكات".

قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەشكردووە "پێویستە هەماهەنگیی لەنێوان هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و عێراق و وڵاتانی هاوپەیمانی دژی تیرۆریستانی داعشدا هەبێت".

راشیگەیاندووە "هۆكاری سەرەكیی دروستبوونی ئەو كێشانە و داگیركردنی چەند ناوچەیەك لەلایەن داعشەوە، بڕیار و سیاسەتەكانی چەند ساڵی رابردووی حكومەتی عێراقی فیدراڵ بوو".

لە كۆبوونەوەكەدا، كەریم شەنگالی وەزیری ناوخۆ، د. عەلی سندی وەزیری پلاندانان، د. رێكەوت حەمە رەشید وەزیری تەندروستی، فەلاح مستەقا بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە، سەفین دزەیی گوتەبێژی فەرمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان و نەوزاد هادی پارێزگای هەولێر ئامادە بوون.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە