زیندانییەك خۆی دەخنكێنێت

28-07-2016
پشتیوان جەمال
نیشانەکردن خنکاندن دهۆک
A+ A-

رووداو - دهۆك

سیامەند تەنیا شەش مانگ بەرگەی ئەو سزایەی گرت كە بەسەریدا سەپێنرابوو، لە ژوورەكەی خۆیدا و بەپەتێكی دروستكراو لە بەتانی خۆی خنكاند، پۆلیس سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیە بۆ ئەوەی بزانێ بۆچی خۆی خنكاندووە.

رۆژی 18/7/2016 سزادراوێك لە بەڕێوەبەرایەتی چاكسازیی گەورانی دهۆك بەنێوی (سیامەند.ل) لەنێو ژوورەكەیدا خۆی خنكاند. رائید هێمن سلێمان گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دهۆك بە (رووداو) راگەیاند "ئەو سزادراوە تەمەنی 35 ساڵ بووە و بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادانی عێراقی و بە تاوانی كوشتن، بە 12 ساڵ بەندكردن حوكم درابوو".

بە گوتەی رائید هێمن، ئەو كەسە شەش مانگە سزا دراوە، سێ‌ مانگ لە حوكمەكەی لە هەولێر تەواو كردووە و دواتر گواستراوەتەوە زیندانی چاكسازیی گەورانی دهۆك، بەڵام تائێستا نەزانراوە بۆچی خۆی خنكاندووە.

ئەو سزادراوە ماڵیان لە گوندێكی سەر بە شارۆچكەی سۆرانە، سەرچاوەیەك لە چاكسازیی گەورانی هەولێر كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "ئەو سزادراوە دوو ساڵ لەمەوبەر كەسێكی نزیكی خۆی بە هەڵە كوشتبوو، ئەمساڵ بۆ ماوەی نزیكەی سێ مانگ لای ئێمە بوو، بەڵام بەهۆی ئەو رووداوەی بەسەری هاتبوو، باری دەروونیی تێكچووبوو، زۆر پەشیمان بوو زۆر جار دەگریا، چونكە مەبەستی كوشتنی ئەو كەسە نەبووە و لەدەستی دەرچووە".

سەبارەت بە گواستنەوەی سزادراوەكە بۆ دهۆك، سەرچاوەكە گوتی "لەسەر داوای خێزانەكەی گواسترایەوە، بەڵكو بە گۆڕینی شوێنەكەی باری دەروونی باشتر ببێ‌".

نووسینگەی مافی مرۆڤ لە شاری دهۆك، رۆژی 19/7/2016 بۆ بەدواداچوون لە هۆكاری خۆخنكاندنی ئەو سزادراوە، سەردانی بەڕێوەبەرایەتییەكەیان كردووە. دلێر عەبدوڵڵا بەڕێوەبەری نووسینگەكە بە (رووداو)ی راگەیاند "لیژنەیەكمان پێكهێنا و سەردانی زیندانەكەمان كرد، لەوێ پێیانگوتین خێزانی سزادراوەكە داوای لێكۆڵینەوەیان لە رووداوەكە كردووە، بەڵام ئەگەر داواش نەكەن، لەبەرئەوەی رووداوەكە دەچێتە چوارچێوەی تاوانەوە، داواكاری گشتی داوای لێكۆڵینەوە دەكات".

بە گوتەی دلێر، بە بڕیاری لیژنەیەك لە چاكسازیی گەورانی دهۆك، ئەو سزادراوە چەند رۆژێك پێش خۆخنكاندنەكەی خراوەتە ژووری تاكەكەسی و لە 10یەمین رۆژیشدا كە لەو ژوورەدا بووە، خۆی خنكاندووە.

 ئەحمەد نەجمەدین، بەڕێوەبەری گشتیی چاكسازییەكان لە وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی بە (رووداو)ی راگەیاند "بەپێی ئەو زانیارییانەی لە بەڕێوەبەری چاكسازیی گەورانی دهۆكەوە پێمان گەیشتووە، ئەو سزادراوە نەخۆشیی دەروونی هەبووە و بردوویانەتە لای پزیشكیش، هەر بۆ هێوربوونەوەی باری دەروونیشی بردوویانەتە ژوورێكی تاكە كەسی".

ئەمساڵ ئەوە دووەمین حاڵەتی خۆخنكاندنی زیندانیانە لە كوردستان. رۆژی 18ی كانوونی دووەمی ئەمساڵیش سزادراوێكی تەمەن 26 ساڵ كە بە تاوانی كوشتن بۆ ماوەی 25 ساڵ سزادرابوو، لە ژوورەكەی خۆیدا لە چاكسازیی گەورانی سلێمانی خۆی خنكاند.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە