رووداو- سلێمانی
دوای کۆبوونەوەی گۆڕان و یەکێتی لە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە سلێمانی کە نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادەی بوو، جەختیانکردەوە لە سیستەمی پەرلەمانی بۆ هەرێمی کوردستان و هەروەها داوایانکرد هێرشەکانی تورکیا بو سەر بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان رابگیرێت.
له كۆنگرهیەکی رۆژنامه‌ڤانیدا کە عیماد ئەحمەد گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و محەممەد تۆفیق رەحیم ئه‌ندامی وه‌فدی دانووستانکاری بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ئامادەی بوون محەممەد تۆفیق رەحیم رایگەیاند:" ئێمه‌و وه‌فدی یه‌كێتی، له‌باره‌ی پرسی ده‌ستوور و سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆچوونهوهكانمان زۆر له‌یه‌كه‌وه نزیكبوون".
محەممەد تۆفیق رەحیم هەروەها گوتی:" كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وامیی ده‌بێت له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش، و سەبارەت بە سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان ئێمه و یه‌كێتی له‌گه‌ڵ سیسته‌می په‌رله‌مانیداین".
گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کۆنفرانسە رۆژنامەڤانییەکەدا گوتی:" لە کۆبوونەوەکەدا جه‌خت له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانی پێشووترمان كرایه‌وه هەردوولامان له‌گه‌ڵ سیسته‌می په‌رله‌مانیداین".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیاندا هەردوولا تیشکیان خستە سەر هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە باشووری کوردستان و رایانگەیاند:": ده‌بێت هەرچی زووه رێگری بكرێت له بۆردوومانی فڕۆكه‌كانی توركیا بۆ سه‌ر خاكی هه‌رێمی كوردستان، چونكه زه‌ره‌رمه‌ندی یه‌كه‌م خه‌ڵكی سڤیلی ناوچه‌كه‌یه".
نه‌وشیروان مسته‌فا رێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان لەگەڵ شاندێکی یاوەری رۆژی سێشەممە 28-7-2015 گەیشتە بارەگای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و لەلایەن ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی ئەو حیزبەوە پێشوازی لێ‌کرا.
ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌ش "باسكردن و تاوتوێكردنی پۆستی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و كێشەو گرفتی لایه‌نه‌كانە له‌سه‌ر ئه‌و پرسه".
لە کۆبوونەوە لەگەڵ شاندی گۆڕان کە لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی بەڕێوەدەچێت کۆسرەت رەسوڵ و بەرهەم ساڵح جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی و هەروەها هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد ئامادە نەبوون.
لەلایەن شاندی یەکێتییەوە هەریەک لە عیماد ئەحمەد، دلێر سەی مەجی، بێگەرد تاڵەبانی، رزگار عەلی، عەدنانی حەمەی مینا، سەعدی پیرە و مەلا بەختیار بەشداریی کۆبوونەوەکەیان کرد.
نه‌وشیروان مسته‌فا له‌مانگی 12-2006 ده‌ستی له‌پۆستی جێگری سكرتێری گشتی یه‌كێتی كێشایه‌وه، دواتر له هه‌ڵبژاردنه‌كانی ته‌مموزی 2009 به لیستێكی جیاواز به‌ناوی گۆڕان به‌شداریی هه‌ڵبژاردنه‌كانی كوردستانیان كرد‌و لیسته‌كه‌یان 25 كورسی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌ده‌ستهێنا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ