رووداو- هەولێر
بارزانی لە کۆبوونەوەی لەگەڵ شاندێکی ئەمریکا نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكانی نیوان تورکیا و پەکەکە نیشاندا و داوایکرد هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی.
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 28ـی 7ـی 2015 لە شاری هەولێر، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ لە لۆید ئۆستن، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا و ستیوارت جۆنز، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری، كە پێكهاتبوون لە ژمارەیەك بەرپرس و راوێژكاری سوپای ئەمەریكا کۆبووەوە.
بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا باسی بارودۆخی مەیدانی بەرەكانی شەڕ لە پارێزگاكانی ئەنبار و سەڵاحەدین و كەركووك و نەینەوا کراوە و تیشک خراوەتەسەر ئاستی ئامادەیی هێزی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان بۆ تێكشكاندنی داعش.
هەر بەپێی راگەیێندراوەکە، هەردوولا خۆشحاڵیی خۆیان بۆ بڕیاری توركیا بۆ بەشداریكردن لە شەڕی دژی داعش نیشانداوە و، پییانوایە كاریگەریی ئیجابی لەسەر رووبەڕووبوونەوەی داعش لە ناوچەكەدا دەبێت.
لەبارەی گرژییەكانی ئەم دواییەی نێوان سوپای توركیا و پەكەكەش، بارزانی نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی گرژییەكان نیشانداوە و داوایكردووە هەردوولا بگەڕێنەوە سەر مێزی گفتوگۆ و ئاشتی ، بەپێویستیشی زانیوە تەركیزی گشت لایەك لەسەر رووبەڕووبوونەوە و لەنێوبردنی داعش بێت.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە " فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەكانی ئەمەریكا وێڕای ئاماژەدان بە ئازایەتی و لێهاتوویی پێشمەرگە، ئەوەی دووپاتكردەوە كە سوپای ئەمەریكا لە هەموو هەنگاوێكدا پاڵپشتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەبێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ