رووداو - هەولێر
جەبار یاوەر رایدەگەیێنێت، هیچ بنکەیەکی سەربازیی ئێرانی لە هەرێمی کوردستاندا نییە.
جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە، لەکاتی بەشداریکردنی لە رووماڵی کۆڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو، لەبارەی بڵاوبوونەوەی دەنگۆی دروستکردنی سەربازگەیەکی ئێرانی لە باشووری کوردستان گوتی "پێدەچێت ئەمە پەیوەندی بە مەسەلەی ململانێی سیاسییەوە هەبێت، یان پڕوپاگەندەیەکی سیاسی بۆ سەر ئەو ناوچەیە بێت".
جەبار یاوەر دەڵێت "هیچ بنکەیەکی سەربازی نە ئێرانی نە هیچ وڵاتێکی دیکە لە هەرێمی کوردستاندا نییە، هیچ پێویستیش بە بنکەی سەربازیی ناکات، چونکە جارێ ناوچەی شاخی سۆرێن و شارەزوور هیچ هەڕەشەیەکی لەسەر نییە بۆ ئەوەی بنکەیەکی سەربازیی لەوێ دروست بکرێت، یان بێن بنکەی سکۆد دابنێن".
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەپرسێت "بنکەی سکۆد بۆچ شوێنێک، بۆ چ هەڕەشەیەک هەیە بۆسەر ئەو ناوچەیە تا بنکەیەکی ئاوا دروست بکرێت؟".
جەبار یاوەر، جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە، کە ئەم بابەتە پەیوەستە بە "پڕوپاگەندە بۆ دروستکردنی کێشەیەک".
سەبارەت بە پشتڕاستکردنەوەی ئەو بابەتە لەلایەن پژاکەوە، یاوەر دەڵێت "پژاکیش هیچ زانیارییەکیان نییە، ئەوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانین دەیانەوێت هەراو هۆسەیەک بۆ سەر حکومەتی ئێران دروست بکەن، دڵنیام لەوەی نە بنکەیەکی سەربازی ئێرانی لەو ناوچەیە هەیە، لە هیچ شوێنێکی دیکەش نییە".
لە ئەگەری دروستکردنی بنکەیەکی سەربازی لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوە دەخاتەڕوو "دروستکردنی بنکەیەکی سەربازیی ئاوا ئاسان نییە، لەلایەکی دیکەوە هەرێمی کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی فیدراڵی عێراق، هاتنی هەر هێزێکی نێودەوڵەتی لە دەرەوەی سنووری عێراق بێت رێککەوتنی لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی هەبێت، ئەوکات دەتوانێت بنکەیەکی سەربازیی دروستبکات و هێز بێنێت".



