8 حیزب لە كوردستان بەبێ مۆڵەت كاردەكەن

28-05-2013
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
نیشانەکردن حیزبی سیاسی
A+ A-
رووداو- سلێمانی

هاوشێوەی زۆربوونی ژمارەی دانیشتووان، حیزبەكانی كوردستانیش ژمارەیان روو لە زیادبوونە، لەگەڵ ئەوەی هەندێكیان مۆڵەتی كاركردنیان نییە، بەڵام وەك حیزبە خاوەن مۆڵەتەكان، چالاكی، كاری سیاسی و مەدەنی دەكەن.

پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، لە ساڵی 2002 دامەزراوە، لەڕووی ئایدۆلۆژییەوە بە پارتێكی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان PKK دەناسرێت. ئەو حیزبە هەرچەندە مۆڵەتی كاركردنی نییە، بەڵام ساڵی 2005 بەشداری لە هەڵبژاردنەكانی هەرێمی كوردستاندا كرد و نزیكەی 19 هەزار دەنگی هێنا، بەڵام نەگەیشتە پەرلەمان.

محەممەد عەبدوڵڵا، بەرپرسی رێكخستنەكانی پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان، بە(رووداو)ی گوت، ساڵی 2003 و ساڵی 2012، داوای مۆڵەتیان لەوەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردووە "وەزیری ناوخۆ پێشتر پێیگوتین پارتەكەی ئێوە لە بازنەی سووردایە، بەڵام روونینەكردەوە مەبەستی چییە لە بازنەی سوور".
undefined
هەندێكیان پێشتر لە هەڵبژاردنەكاندا بەشدارییان كردووە
undefined

گوتیشی هەرچەندە تائێستا وەڵامی مۆڵەتەكەیان وەرنەگرتووەتەوە "بەڵام ئێمە پشتیوانی ئەو جەماوەرەمان بە مۆڵەت دەزانین". ناوبراو پێیوایە هۆكاری مۆڵەت پێنەدانیان "سیاسییە نەك یاسایی، لەو روانگەیەی، كە بەئاشكرا ئەجێندای وڵاتانی دراوسێ و دەرەكی لە كاروباری ناوخۆی كوردستاندا بەدیدەكەین".

ئەو حیزبە ساڵی 2009 بە ناوی لیستی (هیوا) لە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان خۆی تۆماركرد و ژمارە 63ی بەشداریكردنی پێبەخشرا، بەڵام دواتر لیستەكەیان ناوی لە كۆمسیۆن هەڵوەشێندرایەوە بەو پێیەی مۆڵەتیان نەبوو. تائێستاش كادیر و بەرپرسانی پارتی چارەسەری، بۆ راپەڕاندنی كاروبارەكانیان لە نووسینگەی رۆژنامەكەیان (رۆژی وڵات) لە سلێمانی كۆدەبنەوە.

پارتی چەپی كوردستان، كە لە 27/5/2011 یەكەمین كۆنگرەی دامەزراندنی بەست و لەو كۆنگرەیەدا، جەلال دەباخ، وەك سكرتێری پارتەكە هەڵبژێردرا، لە یەكگرتنی پارتی كاری سەربەخۆیی كوردستان و پارتی چەپی كوردستان و هەندێك لە كادیر و سەركردە تۆراوەكانی حیزبی شیوعی پێكهاتووە، سەركردە و كادیرەكانی ئەو حیزبە رۆژانە بۆ سۆراخی مۆڵەتەكەیان لە نهۆمی سێیەمی بازاڕی رەشە مۆڵی سلێمانی لە دەوری یەكتر كۆدەبنەوە.

نەورۆز سدیق، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە دەڵێ جیاوازی ئەوان لەگەڵ حیزبەكانی دیكەی كوردستان "نەهێشتنی مەیلی تاكڕەوی و خۆسەپێنییە". نەورۆز سدیق بە(رووداو)ی گوت لەساڵی 2011ەوە نووسراوی داواكاری مۆڵەتەكەیان ئاراستەی وەزارەتی ناوخۆ كردووە، چەند جارێك بەدواداچوونیان بۆ كردووە، بەڵام پێیوانییە رێگرییەكی دیار هەبێت "بۆیە جارێ چاوەڕێدەكەین". گوتیشی "دواتر رەنگە هەڵوێستی خۆمان دەربڕین".

بەپێی یاسای ژمارە 17ی پەرلەمانی كوردستان، كە تایبەتە بەڕێكخستنی كاری حیزبە سیاسییەكان "هەر حیزبێكی سیاسی لە ماوەی 4 ساڵدا بەبێ بوونی پاساوێكی یاسایی كۆنگرەی خۆی نەبەستێت، مۆڵەتەكەی لێوەردەگیرێتەوە".
undefined
 لەساڵی 2003ەوە مۆڵەتی كاركردنیان لە دوو حیزبی سیاسی وەرگرتووەتەوە
undefined

بەپێی ئامارێكی وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان، كە دراوەتە (رووداو)، تاوەكو ئێستا 38 حیزبی سیاسی لەكوردستاندا مۆڵەتی یاساییان هەیە، 8 حیزبی دیكەش كە بریتین لە بزووتنەوی سۆسیالیستی كوردستان، پارتی پێكەوەژیان، بزووتنەوەی دواڕۆژی كورد، پارتی رابوونی نیشتیمانی، پارتی نیشتیمانی توركمانی، حیزبی كۆمكاری دیموكراسی و ئازادی كوردستان، پارتی چارەسەری دیموكراتی كوردستان و پارتی چەپی كوردستان داواكارییان داوەتە وەزارەتی ناوخۆ و چاوەڕوانی وەرگرتنی مۆڵەتن.

خەلیل عەباس، بەرپرسی حیزب و كۆمەڵە سیاسییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ دەڵێ، لەساڵی 2003ەوە مۆڵەتی كاركردنیان لە دوو حیزبی سیاسی وەرگرتووەتەوە.
 
خەلیل عەباس بە(رووداو)ی گوت "لەسەرەتای ساڵانی 2000وە بەهۆی هەندێك گرفتی یاساییەوە، مۆڵەتی كاركردنمان لە پارتی كاری سەربەخۆ وەرگرتەوە، هەروەها ساڵی 2012 بەهۆی هەندێك كاری نایاسایی و دووبەرەكی نێوخۆیی، مۆڵەتی یاساییمان لە بزووتنەوەی دیموكراسیخوازانی كوردستان وەرگرتەوە".

بەبڕوای جەبار محەممەد، سەرۆكی كۆمەڵەی زانستە سیاسییەكانی كوردستان، یەكێك لە پایەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی، فرەیی سیاسییە، بەڵام دەبێ خواستێكی جەماوەری و مەدەنی پاڵ بە دامەزراندنی حیزبەوە بنێت نەك بە هەڕەمەكی.

جەبار محەممەد گوتیشی "پێویستە لەسەر وەزارەتی ناوخۆ، هەر پارتێكی سیاسی، كە مەرجەكانی دامەزراندن و كاركردنی تێدابێت، مۆڵەتی پێبدات. خۆ ئەگەر مەرجەكانی تەواونەبوو، وەڵامیان بە نەخێر بداتەوە نەك لە دڵەڕاوكێ و چاوەڕوانیدا بیانهێڵێتەوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە