رووداو- سلێمانی
نەوشیروان مستەفا، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران کاژێر 6:00 گەیشتە فڕۆکەخانەی سلێمانی و لە کاژێر 6:15 فڕۆکەخانەی سلێمانی بەجێهێشت.
ژمارەیەک لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەبوون بۆ پێشوازی لە نەوشیروان مستەفا و لەکەسانی پلە بەرزی بزووتنەوەی گۆڕانیش تەنیا ئاسۆ مەحموود، باژێڕوانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان لە فڕۆکەخانە ئامادەبوو.
راز عەلی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو کە لەگەڵ فڕۆکەکەی هەڵگری نەوشیروان مستەفا و محەممەدی حاجی مەحموود لە لەندەنەوە هاتەوە سلێمانی گوتی: "رەوشی ناو فڕۆکەکە ئاسایی بوو و محەممەدی حاجی مەحموود بەجیا لە نەوشیروان مستەفا دانیشتبوو، لەکاتی گەیشتنیشیان بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی هەرکامەیان بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆیان فڕۆکەخانەکەیان بەجێهێشت".
رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەکاژێر 6:25 خولەک گەیشتەوە ماڵەکەی خۆی لە گردی زەرگەتە و لەسەر داوای خۆی هیچ هەڵسوڕاوێکی بزووتنەوەی گۆڕان ئامادە نەبوون بۆ پێشوازی لێکردنی.
ئاسۆ مەحموود باژێڕوانی سلێمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند: "هیچ ئامادەکارییەکمان نەکردووە بۆ پێشوازی لە رێکخەری گشتی و ئەو خەڵکانەیش لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەبوون لەدەرەوەی رێنماییەکانی حیزبی هاتبوون و منیش کە هاتوومەتە فڕۆکەخانە بۆ پێشوازی ئەو خەڵکە هاتووم".
پەیامنێری رووداو گوتی، نەوشیروان مستەفا لەزاری گوتەبێژەکەیەوە سوپاسی کەناڵەکانی راگەیاندنی کردووە بۆ ئەو رووماڵەی لە شەوی رابردووەوە ئەنجامیانداوە و سوپاسی ئەو کەسانەی کردووە کە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ئامادەبوون، هەورەها رایگەیاندووە بەهۆی ئەوەی ماوەیەکی زۆر لە فڕۆکەخانە و لە ناو فڕۆکە بووە تاوەکو نیوەڕۆ لە پشوودا دەبێت.
پەیامنێری رووداو گوتی: "تاوەکو ئێستا بەرنامەی دیدارەکانی لەگەڵ هەڵسوڕاوانی گۆران دیار نییە، ئەوەی کە دەگوترێت ئەوەیە کە لەدوای نانخواردنی نیوەڕۆ یەکەم دیداری لەگەڵ خانەی راپەڕاندنی بزووتنەوەی گۆڕان دەبێت".


