وردەکاریی دۆزینەوەی تەرمی ئافرەتێكی گوللەبارانكراو لە کۆیە

28-01-2018
عومەر چاوشین
نیشانەکردن کۆیە کوشتن
A+ A-

رووداو- كۆیە

لە نیوەشەودا ژمارەیەكی نەناسراو تەلەفۆن بۆ پۆلیسی كۆیە دەكات، كەسەكە خۆی بە شوان دەناسێنێ‌ و لە هەوڵی كوشتنی ئافرەتێك ئاگاداریان دەكاتەوە و شوێنی رووداوەكەشیان پێدەڵێ‌. بەڵام تا پۆلیس دەگەنە شوێنەكە، كارلەكار ترازابوو. مەفرەزەیەكی پۆلیس هەر بەو شەوە دەچنە ناوچەی شاخە پیسكە، دوای گەڕانێكی زۆر تەرمی ژنێك دەدۆزنەوە كە بە چەند گوللەیەك كوژرابوو. 

تا ئامادەكردنی ئەم راپۆرتە، تەرمەكە وەكو تەرمی نەناسراو لەلای پۆلیس تۆمار كراوە، چونكە هیچ ناسنامە و بەڵگەنامەیەك لە شوێنی تاوانەكە یان لە نێو جلوبەرگی قوربانییەكە نەدۆزراوەتەوە، هەر بۆیە تەرمەكە یەكسەر بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی لە شاری هەولێر نێردرا، بۆ ئەوەی پشكنین و توێكاری بۆ بكرێ‌.

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) كەسە نەناسراوەكە كاژێر 11ی شەوی 20/1/2018 تەلەفۆنی بۆ پۆلیس كردووە، هەر ئەو شەوە پۆلیسی كۆیە و بنكەی پۆلیسی ناحیەی دێگەڵە و بنكەی ئاسایش تا بەرەبەیانی رۆژی 21/1/2018 لە گەڕان و سووڕاندا بوون لە نێوان گوندی گۆمەشین و شاخەپیسكە، دواتر پۆلیسی كۆیە لە نزیك گوندی شاخەپیسكە تەرمەكەی دۆزییەوە.

عەقید شۆڕش كاكە فەتحوڵڵا، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە بە (رووداو)ی گوت: "كاژێر 11ی شەو بوو كەسێك تەلەفۆنی كرد گوتی من شوانم و دەمەوێت هەواڵێكتان پێ‌ رابگەیەنم، ئێستا لە شوێنێكم گوێم لە دەنگی ئافرەتێك بوو هاواری دەكرد، دواتر دەنگی چەند گوللەیەك هات، پێدەچێ‌ ژنەكەیان كوشتبێ‌".

ئەگەرچی پۆلیس زۆر هەوڵی لەگەڵ كەسە نەناسراوەكە دا كە خۆی بناسێنێ‌، بەڵام خۆی نەناساند و تەلەفۆنەكەی داخستەوە، ئێستاش ژمارەكەی داخراوە. عەقید شۆڕش دەڵێت "پێمانگوت تۆ كێیت، تەنیا گوتی من شوانم، داوای زانیاری زیاترم لێی كرد، بەڵام هیچی دیكەی نەگوت و تەلەفۆنەكەی داخست".

هەر ئەو شەوە پۆلیس دادوەر لە رووداوەكە ئاگادار دەكاتەوە، ئەویش مۆڵەتیان دەداتێ‌ بەدوای سەرچاوەی قسەی هەواڵدەرەكەدا بچن. هەر بەو شەوە پۆلیس دەست بە گەڕان دەكەن.

شۆڕش كاكە زانیاری زیاتری لەبارەی تەرمەكە بۆ (رووداو) ئاشكرا كرد و گوتی: "بەپێی زانیارییە سەرەتاییەكان، ژنەكە تەمەنی نزیكەی 20 ساڵ دەبێ‌، هیچ ناسنامەیەكی پێ نەبوو، هەر بە جلی ماڵەوە هێنراوەتە دەرەوە، ماكسییەك و پاڵتۆیەكی سپی لەبەر بوو، نەعلێكی پەمەیی لەپێدابوو. هەروەها لەسەر قۆڵی تاتۆیەك هەبوو كە ناوی كەسێكە بەناوی (قانیع)، تەرمەكە لەنێو چەند تاشەبەردێك كەوتبوو".

سەبارەت بە بكەرانی تاوانەكەش، بەڕێوەبەری پۆلیسی قەزای كۆیە گوتی: "زیاتر لە كەسێك تاوانەكەی ئەنجام داوە. بەپێی ئەو هێڵكارییەی بۆ شوێنی رووداوەكە كراوە، تۆمەتبارەكان بە ئۆتۆمبێلی بچووك هاتوونەتە ئەو شوێنە". هەروەها گوتی: "لە شوێنی رووداوەكە چوار قەوانی گوللەی دەمانچە دۆزراونەتەوە، واتە تاوانەكە هەر لەو شوێنە كراوە كە تەرمەكەی لێ‌ دۆزراوەتەوە، گوللەكانیش لە نزیكەوە و لە پشتەوەڕا لە ئافرەتەكە دراون.

پۆلیس گومان دەكات كە ئەو ئافرەتە بە ناوی "پاراستنی شەرەف" كوژرابێ‌. هەروەها دەڵێت: بەپێی لێكۆڵینەوەكان ماوەی كوژرانی ئافرەتەكە و دۆزینەوەی تەرمەكەی، 12 كاژێر نێوانیانە، ئەمەش گومانی لەلای پۆلیس دروستكردووە كە ئەو كەسەی تەلەفۆنی كردووە، یەكێك بێ‌ لە ئەنجامدەرانی تاوانەكە، چونكە كەسە نەناسراوەكە كاژێر 11ی شەو تەلەفۆنی كردووە و تەرمەكەش لە بەرەبەیانی رۆژی دواتر دۆزراوەتەوە. عەقید شۆڕش پێیوایە ئەوانەی ئەو ئافرەتەیان كوشتووە، پێناچێ‌ خەڵكی ناوچەكە بن.

بەڕێوەبەری پۆلیسی كۆیە دەڵێت دوای رووداوەكە دۆسیەیان بۆ رووداوەكە كردووەتەوە، تەرمی ئافرەتەكەشیان بە مەبەستی پشكنین ناردووە بۆ پەیمانگەی دادپزیشكی هەولێر. گوتیشی "ئەمساڵ ئەوە یەكەمین تاوانی كوشتنە لە سنوورەكەمان رووبدات، تاوەكو ئێستاش كەس لەسەر ئەو تاوانە دەستگیر نەكراوە و كەسیش سكاڵای تۆمار نەكردووە".

لە ماوی شەش مانگی رابردوودا ئەوە دووەمین تەرمی نەناسراوی ئافرەتانە لە سنووری قەزای كۆیە دەدۆزرێتەوە. ئێوارەی رۆژی 24/7/2017 لە نێوان هەردوو گوندی جەلی و گوندی هیزۆپی بچووك لە نزیك كۆیە، تەرمی ئافرەتێك لەنێو زەویی جووتیارێكدا دۆزرایەوە كە بە دوو گوللە كوژرابوو. سەرەتا پیاوێكی دانیشتووی هەولێر كە لە كاتی دۆزینەوەی تەرمەكە، هاوژینەكەی ون بووبوو، خۆی كرد بە خاوەنی تەرمەكە، بەڵام دواتر هاوژینەكەی پەیدا بووەوە.

ئەوكات عەقید شۆڕش لەبارەی تاوانەكە بە (رووداو)ی گوت: "بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەو ئافرەتە كە تەمەنی نزیكەی 20 ساڵ دەبێ‌، منداڵێكی تەمەن نزیكەی دوو ساڵان و دوو كەسی دیكەی لەگەڵ بووە، پانتۆڵێكی منداڵەكە لە شوێنی تاوانەكە بەجێماوە، هەروەها كەرەستەی خواردنی سێ‌ كەس لە شوێنەكە هەبووە. دوو بەتانیش لە شوێنەكە راخرابوون".

 هەروەها گوتبووی: "ئەو ئافرەتە بە دوو گوللەی دەمانچە كوژراوە، گوللەیەك لە پشتەوە لە كەللەی سەری دراوە، گوللەی دووەمیشیان لە پشتی دراوە، فیشەكێكی نەتەقیویش لەوێ‌ دۆزراوەتەوە".

سەنگەر ئەحمەد، لێپرسراوی نووسینگەی مافی مرۆڤ لە قەزای كۆیە بە (رووداو)ی راگەیاند، ئاگاداری دۆزینەوەی تەرمەكەی گوندی شاخەپیسكەی سەر بە ناحیەی دێگەڵەن و لێژنەیەكیان بۆ بەدواداچوونی رووداوەكە دروستكردووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە