رووداو- هەولێر ئەمڕۆ یەکشەممە 27-9-2015 سەدو بیست و یەکەمین پاتریارکی ئاشوورییەکانی جیهان لە هەولێر دەستبەکار دەبێت و بەو شێوەیە گورگیسی سێیەم سڵێوی دەبێتە پاتریارکی ئاشوورییەکانی جیهان. 9:00 نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان گەییشتە شوێنی بەڕێوەچوونی مەراسیمی گواستنەوەی کورسی پاتریارک لە عەنکاوەی شاری هەولێر. لە سەرلەبەیانی رۆژی یەکشەممە 27-9-2015 هاتنی میوانان بۆ شوێنی مەراسیمەکە دەستیپێکرد و لە مەراسیمەکەدا فوئاد حوسێن سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان، حوسێن شەهرستانی نوێنەری حەیدر عەبادی سەرۆکوەزیرانی عێراق، خالید شوانی نوێنەری سەرۆککۆماری عێراق ، کەمال موسلیم وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان، نوێنەری کۆماری ئیسلامی ئێران ، نوێنەرانی کۆنسوڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان ، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و ژمارەیەک کەسایەتی سیاسی و ئایینی بەشداریی لە مەراسیمەکەدا دەکەن. پەیامنێری رووداو رایگەیاند " لە رێورەسمی دەستبەکاربوونی پاتریارکی کڵێسای رۆژهەڵاتی ئاشوورییەکان، کە لە کڵێسای مار یوحەنای چوارەم لە عەنکاوە بەڕێوەدەچێت، نوێنەری ڤاتیکان، ئاشوورییەکان لە ئوسترالیا ، ئەوروپا ، ئەمریکا ، ئێران و چەندین وڵاتی دیکەی جیهان هاتوون بۆ بەشداریی لە رێورەسمەکە، چونکە بە رووداوێکی گرنگی دەزانن سەبارەت بە خۆیان". ئاشوورییەکان چاوەڕێی کردنەوەی دەرگایەکێ نوێن، لە کەنیسەی مار یۆخەنای سەر بە کەنیسەی رۆژهەڵانی ئاشووریەکان کە بە دایکی کەنیسەکان لە ئاینی مەسیحییەتدا دادەنرێ، پاتریارکی 121 مین دەستبەکار دەبێ. گورگیسی سێیەم سڵێوی، بە پاتریارکی ئاشوورییەکان هەڵبژێردرا و دوای 80 ساڵ جارێکی دیکە بارەگای سەرەکی پاتریارکی ئاشوورییەکان گەڕایەوە عێراق، بەڵام ئیدی لە باشووری کوردستان دەبێ. لە عێراق مەسیحییەکان بە گشتی لە نزیکەی 2 ملیۆن کەسەوە، کەمبوونەتەوە بۆ 300 هەزار کەس، کە لەو ژمارەیەدا 50 بۆ 60 هەزار کەسی ئاشووری لە کورستانن. مەسیحییەکانیش داوا دەکەن دەشتی نەینەوا بگەڕێتەوە سەر هەرێمی کوردستان. پەترییاکی کەنیسەی رۆژهەڵانی ئاشووریەکانە لە رێگەی ئەنجوومەنی مەترانەوە کە ژمارەی 15 کەس دەبێ، بەدەنگدان هەڵدەبژێردرێ. یەکەم کەنیسە لە دنیا ساڵی 92 میلادی لە نزیک بەغدا دروستکراوە و لەکۆی 121 پاتریارکی ئەو کەنیسەیە نزیکەی 115 پاتریارک کورد بوونە.
جیهان27-09-2026بیڵ گەیتس داوای دانانی یاسا دەکات: ئەگەر کۆنترۆڵ نەکرێت، ژیریی دەستکرد دەبێتە هۆی کوژرانی یەک ملیار کەس