ژمارەیەك رۆشنبیری كورد لە ئیسلامەوە دەبنە ئێزدی

27-08-2014
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
بەم وێنەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی خۆیان رادەگەیەنن
بەم وێنەیە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان پشتیوانی خۆیان رادەگەیەنن
نیشانەکردن شنگال
A+ A-

رووداو- هەولێر

ژمارەیەك رۆشنبیر و نووسەر و رۆژنامەنووس و چالاكی كۆمەڵی مەدەنی و مامۆستای زانكۆ راگەیێندراوێك دژ بە هەوڵی لەناوبردنی پەیڕەوكەرانی ئێزدییەت و ئایینی ئێزدی بڵاودەكەنەوە‌.

ئەوان لە راگەیێندراوەكەدا رایدەگەیێنن: ''یەكێك لە شانازییە گەورەكانی خەڵكی كوردستان فرەیی ئایین‌و نەژادو نەتەوەو باوەڕ بووە كە تا ئاستێكی رێژەیی باش ئەم فرەییە توانیویەتی لەگەڵ یەكدیدا هەڵبكەن، ئێستا هێرشێك بە دڕندانەترین شێوە لە كوردستان لەسەر دەستی ئیسلامی سیاسیی تووندڕەو دژ بە بەشێك لە هاووڵاتیان دەگوزەرێت، ئەمە بە پاساوی ئەوەی كە ئەو هاووڵاتیانە باوەڕیان بە ئایینێكی جیاواز لە ئایینی ئەوان هەیه، لەو پێناوەدا ئەو هاووڵاتیانە بە كۆمەڵ دەكوژرێن، ژنان و كچانیان بە كەنیزەك دەگیرێن، بەشێكیشیان بەزۆر ناچاركراون بچنە سەر ئایینی ئیسلام''.

ئەوان وەك "پێشاندانی هاوپشتی و هاوسۆزی  بۆ هاووڵاتیانی ئێزدی لەم رۆژە تەنگانەیاندا، هاوكات وەك ناردنی پەیامێك بۆ ئەو گرووپە تووندڕەوە و پێشاندانی پوچیی ئەو خەونەیان كە پێیانوایە بە كوشتن و بە فەرزكردنی گۆڕینی ئایین بەسەر هاووڵاتیانی بەباوەڕ ئێزدییدا، ژمارەی هاووڵاتیانی ئێزدی كەمدەكات"، گۆڕینی باوەڕی خۆیان بەشێوەیەكی رەمزیی بۆ سەر ئایینی ئێزدی رادەگەیەنن.

ئاماژە بۆ ئەوەش دەكەن كە ئەمە بە "رەمزیی و بۆ ماوەیەكی كاتیی دەكەین بۆ ئەوەی پیشانی ئەو ئیسلامییە توندڕەوانەی داعش بدەین كە هەوڵی جینۆسایدكردن، ژمارەی ئێزدییەكان لە كوردستاندا زیاددەكات نەك كەم. ئێمە خۆمان بە ئێزدیی دادەنێین تا ئەو رۆژەی ش‌نگال لە غەزوەی ئەو هێزانە رزگاری دەبێت و هاووڵاتیانی بەباوەڕ-ئێزدی دەرفەتیان بۆ دەڕەخسێتەوە كە لە زێدی باووباپیرانی خۆیان بە ئاشكرا پەیڕەوی ئایینەكەیان بكەن".

هەروەها ئەوان لە راگەیەندراوەكەدا  بانگەوازی هەموو خەڵكی كوردستان و عێراق و وڵاتانی دیكەش دەكەن، كە بۆ هەمان ئەم دوو ئامانجەی سەرەوە كە ئەوان‌ لەپێناویاندا بە رەمزیی ئێزیدییبوونی خۆیان راگەیاندووە، ئەوانیش لەچوارچێوەی هەڵمەتەكەدا بەئێزیدییبوونی خۆیان بەشێوەیەكی رەمزیی و كاتیی رابگەیەنن.

هەركەسێك بیەوێت پشتیوانی لەم كەمپەینە بكات دەتوانێت لەڕێگەی گۆڕینی وێنەی پرۆفایل ‌و كەڤەری فەیسبووكەكەی (هەردووكیان یان تەنیا یەكێكیان) بۆ پلاكارتێك (وێنەیەك) كە بۆ ئەو ئامانجە ئامادەكراوە و هاوپێچكراوە، پشتیوانی خۆی رابگەێنێت.

لە كۆتایی راگەیەندراوەكەدا هاتووە ''بەهیوای ژمارەی ئەو كەسانەی بە پیر ئەم بانگەوازەوە دێن ئەوەندە زۆربێت كە هەڵگرانی ئایدیۆلۆژیای راسیستانەی داعشیی تێبگەن كە بە هیچ شێوەیەك هیوایەك بۆ رەگداكوتانی ئایدیۆلۆژیاكەی ئەوان لە كوردستاندا نییە. هەروەها، تا هاووڵاتیانی ئێزیدیی و هەموو جیهانیش ببینن كە ئێمەی دانیشتوانی كوردستان (بە موسڵمان و مەسیحی و شەبەك و كاكەیی‌و ئەرمەنی و بێباوەڕەوە) خەڵكانێك نین لێگەڕێن هاووڵاتیانی ئێزدی خۆیان تەنیاباڵ لەبەرامبەر ئەو جینۆسایدەدا بوەستن.

فایەق گوڵپی، سیاسەتمەدار و ئەندامی ئەو كەمپینە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی گوت ''من موسڵمانم و نوێژیش دەكەم و باوەڕی تەواوم بە بنەماكانی ئەو ئایینە هەیە، بەڵام كاتێك دەبینم بە ناوی ئایینی ئیسلامەوە خەڵكی دەچەوسێندرێنەوە و بە زۆر خەڵكی شایەدوومانی پێدێنن، وەكو ئەو گەنجانەی لە شنگال وێنەیان گیراوە گوایە كراون بە موسڵمان، من و ئەو برادەرانی دیكە، بۆ ناردنی پەیامێك بۆ ئەوانە دەمانەوێت پێیان بڵێین كە ئەو كارەی ئەوان شیاو نییە''.

رووداو پەیوەندیكرد بە كوێستان محەممەد كە ناوی لەو لیستەدا هەیە، بەڵام ئەو رەتیكردەوە رەزامەندی نیشاندابێت بەشێوەیەكی كاتیی ئایینی خۆی بگۆڕێت.

ناوی ئەو ئەكادیمیست و نووسەر و چالاكوان و رۆشنبیرانەی بەشێوەیەكی كاتیی ئایینی خۆیان گۆڕیوە:


(١) سیروان عەبدول - نوسەر
(٢) د. شێركۆ كرمانج - مامۆستای زانكۆ
(٣) شێرزاد حەسەن - نوسەر و رۆشنبیر
(٤) ڕێبوار سیوەیلی - نوسەر و مامۆستای زانكۆ
(٥) ڕۆزا حسێن - نوسەر
(٦) سەباح تاهیر - یاساناس
(٧) فەهمی كاكەیی - نوسەر و چالاكوان
(٨) فایەق گوڵپی - پزیشك و سیاسەتمەدار
(٩) پڕۆفیسیۆری یاریدەدەر سالار باسیرە - توێژەری سیاسی
(١٠) فرمێسك مستەفا - شانۆكار
(١١) ڕوبار ئەحمەد موحەمەد - هونەرمەند و مامۆستا
(١٢) سەروەر پێنجوێنی - نوسەر
(١٣) دانا عەسكەر - نوسەر
(١٤) بڕوا عەلادین - نوسەر و وەرگێڕ
(١٥) ڕێواس ئەحمەد - نوسەر
(١٦) بەڵێن ساڵح - ڕۆژنامەنووس
(١٧) ڤینۆس فایەق - ڕۆژنامەنووس
(١٨) لوقمانی حاجی كەریم - نوسەر و ڕۆژنامەنووس
(١٩) فەرزین كەرباسی - ڕۆژنامەنووس
(٢٠) بەهرۆز جەعفەر - توێژەری سیاسیی
(٢١) عەلی مەحمود - نوسەر و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی
(٢٢) ڕوناك فەرەج - نوسەر و بەڕێوەبەری ڕیكخراوی ڕاگەیاندن‌و ڕوناكبیریی ژنان
(٢٣) گۆران عەبدوڵڵا - ڕۆژنامەنووس
(٢٤) قادر نادر - چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنیی
(٢٥) سەعید كاكەیی - مامۆستای زانكۆ
(٢٦) دەهام سمكۆ - خوێندكاری ماستەر
(٢٧) هەردی مەحمود خوێندكاری دكتۆرا
(٢٨) ئەمین جاف - نوسەرو چاودێری سیاسیی
(٢٩) شوان كاكەیی - خوێندكاری دكتۆرا
(٣٠) هێمن فەرید - چالاكوانی مەدەنی
(٣١) .......................
(٣٢) موراد حەسەن - خوێندكاری دكتۆرا
(٣٣) حەسەن شافێعی- چالاكوان‌و ژمێریار
(٣٤) عەلی كەریمی - چالاكوان‌و چاودێری سیاسیی
(٣٥) قادر نادر - چالاكوانی مەدەنی
(٣٦) پشتیوان فەرەج - مامۆستای زانكۆ
(٣٧) نەبەز نەوزاد شوانی - خوێندكاری دكتۆرا
(٣٨) مەریوان هەڵەبجەیی - توێژەر
(٣٩) كامەران محەمەد، رۆژنامەنوس‌و چالاكوانی مەدەنی
(٤٠) تارا فاتحی - چالاكوان‌و خوێندكاری دكتۆرا
(٤١) ئەبوبەكر جاف - ڕوناكبیر
(٤٢) هانا شوان - ڕۆژنامەنووس
(٤٣) شەنكار عەبدوڵا - رۆژنامەنوس‌و چالاكوان
(٤٤) محەمەد وەلەدبەگی - خوێندكاری دكتۆرا
(٤٥) هیوا ناسیح - چالاكوانی مەدەنیی
(٤٦) ئیدریس شێخ شەرەفی - مامۆستای زانكۆ
(٤٧) هەرەس عەباسی - نوسەر
(٤٨) هەرێم هادی - چالاكوانی كۆمەڵگەی مەدەنیی

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە