رووداو- هەولێر
سەرۆكی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێ، مادەی 140 جێبەجێكراو چیتر قسەی لەسەر ناكەین.
ئەمڕۆ هەینی لە هاوینەهەواری پیرمام، مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ویلیەم هەیگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا كۆبووەوە. دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا سەبارەت بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان بارزانی رایگەیاند، 10 ساڵ سەبرمان گرت بۆ ئەوەی حكومەتی عێراق كێشەی ناوچە جێناكۆكەكان بەپێی ماددەی 140 چارەسەر بكات، بەڵام بێسوود بوو.
بارزانی هەروەها گوتی "لەو ناوچانە هێزەكانی حكومەتی عێراق هەبوون، بەڵام كشانەوە و ناوچەكەیان بەجێهێشت، بۆیە پێویستبوو هێزی پێشمەرگە بچێتە ئەو ناوچانە بۆ ئەوەی بیانپارێزێت و رێگەنەدات ئەو ناوچانە بكەونە دەست تیرۆریستان". لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا ویلیەم هەیگ، وەزیری دەرەوەی بەریتانیاش سوپاسی رۆڵی هێزە ئەمنییەكانی كوردستان كرد و گوتی رۆڵێكی زۆر بەهێزیان بینیوە لە پاراستنی ئەمنییەتی ئەو ناوچانە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیشیكردەوە "ئێستا ماددەی 140 جێبەجێكراو چیتر قسەی لەسەر ناكەین".




