پارێزگاری كەركووك داوایەك ئاراستەی هێزولایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و رایدەگەیەنَێت" لە پێناو یەكڕیزی نەتەوەییمان و یەك هەڵوێستیمان لەسەر پرسی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمی كوردستان، بە گرنگی ئەزانین كە سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عیراق بەیەك لیستی هاوبەش بچینە نێو پڕۆسەكەوە".
لە پەیامەكەیدا نەجمەدین كەریم، پارێزگاری كەركووك كە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، ئاماژە بۆ ئەوەدەكات، ململانێكان چەند ململانێی هەڵبژاردنن ئەوەندەش ململانێی سیاسی و نەتەوەیین، فرە لیستی لە هەڵبژاردنەكانی ساڵی 2010 زیانی بە قەبارەو پێگەی نەتەوەیی كورد گەیاندووە لەم ناوچانەدا، دەشڵێت "بە تایبەت ئێستاش ئەگەری گەورە هەیە لایەنی عەرەبی و توركمانی هەریەك بە لیستی یەكگرتووی نەتەوەیی بەشداری هەڵبژاردن بكەن".
لە پەیامەكەیدا پارێزگاری كەركووك داواكارە پێش كۆتایی هاتنی وادەی پێكهێنانی هاوپەیمانی قەوارەكان بە پێی ئەو ماوەیەی لەلایەن كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دیاریكراوە، ئەم پرسە یەكلابكرێتەوە كە ماوەكەی لە 5/12/2013 كۆتایی دێت.
بڕیارە 30-4-2014 كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، هەڵبژاردنی خولی سێیەمی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجامبدات، وەك ئامادەكاریش بۆ هەڵبژاردنەكە، كۆمیسیۆن هەزار تیمی گەڕۆكی پێكهیناوە بۆ نوێكرنەوەی تۆماری دەنگدەران كە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش لە هەمان وادە دا بەڕێوە دەچێت.


