کرێکارە ئەوروپییەکان لەبەریتانیا نیگەرانن

26-06-2016
رووداو @Rudawkurdish
.....
.....
نیشانەکردن بەریتانیا
A+ A-

رووداو - لەندەن

کرێکارە ئەوروپییەکان لە بەریتانیا دوای راگەیاندنی ئەنجامی گشتپرسییەکەی ئەو وڵاتە، نیگەرانن و داهاتووی خۆیان بە لێڵ و ناڕوون دەبینن.

دوای ئەوەی بەریتانییەکان لە گشتپرسییەکەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوو دەنگیان بە جیابوونەوە لە یەکێتی ئەورووپا دا، ئەو کرێکارە ئەوروپییانەی کە لەو وڵاتە کاردەکەن و ژمارەیان سێ‌ ملیۆن کەسە، نیگەرانن لە داهاتووی خۆیان، چونکە ئەگەر هاتوو یاسای کۆچ و کۆچبەری بەریتانیا بۆ ئەوروپییەکانیش جێبەجێ بکرێت، ئەوە کێشە و گرفتی زۆر بۆ کرێکارە ئەوروپییەکان درووست دەبێت، چونکە ئەوان ئێستا بە ئازادی هاتووچۆی ئەو وڵاتە دەکەن.

کۆچ و کۆچبەری روخساری بەریتانیای گٶڕیوە بە چەشنێک گەڕەکی فەرەنسی و پۆڵەندی و هەروەها نەتەوەکانی دیکە لەلەندەن درووستبووە.  لەم نێوەندەشدا پۆلەندییەکان بە گەورەترین پێکهاتەی ئەورووپی شاری لەندەن دادەنرێن.

لەبەر ئەوەش جیابوونەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا گەورەترین کاریگەری لەسەر پێکهاتەی پۆلەندی شاری لەندەن دادەنێت.

ئاندرۆ ماکولسکی، سەرۆکی رێکخراوی بازرگانان و کلۆبەکانی پۆڵەندا لە لەندەن دەڵێت "ئێمە لێرە کاری زۆر دەکەین. هەموو کەسێکیش بە یاسایی کاردەکات و باجیش دەدەینە شاژن. من دڵنیام کە هەموو شتێک بە باشی دەمێنێتەوە. هەست دەکەم هەموو شتێک لەسەرخۆ ئاسایی دەبێتەوە. ئەنجامی گشتپرسییەکە ناخۆش بوو بەڵام من بە ئەرێنی بیردەکەمەوە".

بەپێی راپرسییەک کە لەلایەن رۆژنامەی فاینەنشیاڵ تایمزەوە کراوە، ئەگەر هاتوو یاسای ئێستای کۆچبەری لە بەریتانیا بۆ خەڵکی ئەورووپیش جێبەجێبکرێت زۆربەی ئەو سێ‌ ملیۆن ئەوروپییە کە لە بەریتانیا کاردەکەن کارەکانیان لەدەستدەدن و ناچارن ئەو وڵاتە چۆڵبکەین.

فلۆرا میچاپۆلۆی یۆنانی لە 2014 و کاتێک وڵاتەکی تووشی قەیرانی دارایی دەبێت روو لە بەریتانیا دەکات. ئەو کە پیشەکەی دەروونناسە، دوای ئەوەی چەند مانگ بەبێ مووچە لە لەندەن کاردەکات، ناچاردەبێت بڕواتە سکۆتلاند بۆ ئەوەی کارێکی باشتر بدۆزێتەوە.

فلۆرا میچاپۆلۆ، دەروونناسێکی یۆنانی، دانیشتووی سکۆتلاند دەڵێت "من و هاوڕێ‌ یۆنانییەکانی دیکەم پێمانوانییە هێچ شتێک دوای دەرچوونی بەریتانیا لە ژیانی ئاسایی ئێمە بگۆڕێت، چونکە ئێمە تازە لێرەین و شوێنی خۆمان کردووەتەوە. بەڵام لەڕووی دەروونییەوە ئەنجامی ئەم گشتپرسییە وەک شەپازلەیەک بوو بە ناوچاوماندا، چونکە رەنگە لەڕووی یاساییەوە کاروبارت کێشەی نەبێت بەڵام هەستێکت پێدەدات چیدیکە خەڵکی بەریتانیا پێویستیان بە تۆ نییە".

بەپێی یاساکانی بەریتانیا هەر هاوڵاتییەکی ئەورووپی دوای پێنج ساڵ مانەوە لەو وڵاتە دەتوانێت داوای هاوڵاتییبوون بکات، بەڵام بە کردەیی کەمتر ئەورووپییەک خۆی ئەزیەت دەدات و ئەو کارە دەکات چونکە پاسپۆرتە ئەورووپییەکەی رێگە بە هاتووچۆی ئازادی بۆ ناو بەریتانیا دەدات و دەتوانێت لە خزمەتگوزارییە تەندرووستی و پەروەردەییەکانی ئەو وڵات سوودمەند بێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە