رووداو - چۆمان
زانا زرار
بەهۆی تۆپبارانكردنی سنووری شارەدێی حاجی ئۆمەران لەلایەن تۆپخانەكانی ئێرانەوە، 5 هاونیشتمانی مەڕدار برینداربوون، سێ لەوان منداڵن لەگەڵ ژن و پیاوێك.
د. کەنعان کانەبی، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند، لە بۆردوومانەکانی ئەمڕۆی سوپای ئێران بۆ سنووری سیدەکان و حاجی ئۆمەران، 3 منداڵ و ژن و پیاوێک كە ئەندامی 3 خانەوادەن، برینداربوون، بەڵام برینەکانیان مەترسیدار نییە.
كاژێر 09:00 ی رۆژی یەكشەممە 26-6-2016، تۆپخانەكانی ئێران، بە بیانووی هەبوونی بنكە و بارەگای پێشمەرگەكانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران- حدكا و حیزبی دیموكراتی كوردستان- حدك، دەستیان بە تۆپبارانكردنی دەڤەری سیدەكان و شارەدێی حاجی ئۆمەران كرد لە باشووری كوردستان، تاوەكو ئێستاش تۆپبارانەكە بەردەوامە و ئاگری گەورە لەو دوو ناوچەیە كەوتووەتەوە.