رووداو- دهۆك
مەلا بەختیار دەڵێت "ئێمەی یەكێتیی ئەوەمان خستووەتەڕوو كە ئەوپەڕی ساڵێك لەبەردەمی كورد ماوە، بۆ ئەوەی پرسی ناوچە كێشەلەسەرەكان چارەسەر بكرێت". راشدەگەینێ، ئەگەر دەستوور جێبەجێ ناكرێ، "ئەوا با بەبڕیاری كوردایەتی ئەو ناوچانە هەموویان بخەینەوە سەر كوردستان".
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە مەلا بەختیار، لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەهۆڵی زانكۆی دهۆك لەگەڵ هەردوو مەڵبەندی چواری بادینان و حەوتی نەینەوا كۆبوونەوەیەكی ئەنجامدا.
مەلا بەختیار رایگەیاند "بەهێزبوونی یەكێتیی بۆ سەركردایەتییەكەی نییە، بەڵكو بەهێزبوونی یەكێتیی بۆ ئەوەیە كە پرۆسەی دیموكراسی بەردەوام بێت و بۆ ئەوەیە كە خەڵكی كوردستان و نەتەوەی كورد، كەركووك، خانەقین و شەنگار، مەخمور و شێخان دڵنیابن كە مەحاڵە بهێڵین مادەی 140 لەدەستووری عێراق بسڕنەوە."
راشیگەیاند "ئێمەی یەكێتیی ئەوەشمان خستووەتەڕوو كە ئەوپەڕی ساڵێك لەبەردەمی كورد دا ماوە بۆ ئەوەی كە یەكێتیی پرسی ناوچە كێشە لەسەرەكان چارەسەربكات. "ئەگەر دەستوور جێبەجێ دەكەن ئەوە هەر هی ئێمەیە و ئەگەر جێبەجێی ناكەن، ئەوا بەبڕیاری كوردایەتی ئەو ناوچانە هەموویان بخەینەوە سەر كوردستان".
بەپێی میدیاكانی یەكێتی، لە كۆبوونەوەكەدا لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتى سەبارەت بەو هەلومەرج و ئاڵوگۆڕ و پێشهاتانەش دواوە كە لەناوچەكەدا لەئارادان، بەتایبەت لە عیراق و رۆژئاوا و باكووری كوردستان.
مەلا بەختیار ئاماژەی بۆ ئەو گفتوگۆیە كرد "كە لەئیمرالی لەگەڵ ئۆجەلان دەكرێت لەخۆیەوە نەهاتووە و گوتی: ئیمرالی، دەكاتە فیدراڵی بۆ كورد لە باكووری كوردستان، نەك ئیمرالی زیندانیكردنی ئازادی، یان زیندانیكردنی ئیرادەی ئازادیو زیندانیكردنی بڕیاری چارەنووسی كورد بێ."
لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتیشی"سەركەوتنی یەكێتیی لەدەڤەری بادینان و نەینەوا سەركەوتنێكی گەورەیە و بەدڵنیاییەوە زەخیرەیەكی گەورە دەبێت، زەمینەیەكی پتەو دەبێت بۆ ئەوەی یەكێتیی بتوانێت لەم قۆناغە سیاسییە نوێیەدا، بەنەوەی سێهەمییەوە سەركەوتنی گەورە بەدەستبهێنێت".
جەختیشیكردەوە کە یەكێتیی وەك پرەنسیپ لەگەڵ ئەوەدایە، كە فیدراڵی كوردستان، خاوەن ئابوورییەكی بەهێز بێ كە یاری بەچارەنووسییەوە نەكرێت و "دەمانەوێت گرەنتی ئابووری كوردستان بكەین و باشترین گرەنتیش ئەوەیە كە گفتوگۆ لەسەر نەوتو غاز لەگەڵ حكومەتی عیراق لەسەر بناغەیەكی دەستووری و سیاسی تازە بێ و سەریش بكەوێت، بەتایبەت دوای ئەوەی لەسەر وردە كارییەكانی قسەدەكەین و پرۆژەیەكی هەمەلایەنەش بۆ ئابووری كوردستان ئامادەدەكەین".



