رووداو.كەركووك
تەقینەوەكەی دوبز خۆكوژی بووە و وێرای كوژراوەكان چەند خوێندكارێكیش بەسەختی برینداربوونە و سنوری تەقینەوەكەش بەتەواوەتی خاپوور بووە
سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەمە كاژێر 9 و نیو ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی بۆمبرێژكراو لە سەنتەری قەزای دووبز 35 كیلۆمەتر لە رۆژ ئاوای شاری كەركووک، چەند بارەگا و دام و دەزگا و قوتابخانەی كردە ئامانج و بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) زیاتر لە 20 ئەمبوڵاس بریندار و كوژراوانی ئەو كردەوە تیرۆرستیەیان گواستۆتەوە بۆ كەركووك
سەرچاوەیەك لە سەنتەری هەماهەنگی پۆلیسی دووبز تایبەت بە(رووداو) رایگەیاند" سەرلەبەیانی ئەمرۆ دووشەمە كاژێر 9 و نیوی لەسەر لەبەیانی ئۆتۆمبێلێكی خۆكوژی بۆمبرێژكراو لە گەرەكی راپەرین, سەنتەری قەزای دووبز 35 كیلۆمەتر لە رۆژ ئاوای شاری كەركووك چەند بارەگایەكی پۆلیس و ئامادەیی دوبزی تێكەڵاو و بارەگای دادگای كۆنی دوبزی كردە ئامانج، كە لەرێگای ئۆتۆمبێلێكی بۆمبرێژكراو ئەنجام درا. بەر كەوتوانی ئەو تەقینەوەیە بە 20 ئەمبوڵاس گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەكانی كەركووك
ئەو سەرچاوەیە ئەوەشی راگەیاند" لەو تەقینەوەیەدا بەدەیان ئۆتۆمبێل سوتاون و خانوو و بارەگاكانی نزیك رووداوەكەش بەتەواوەتی خاپور بوونە، هاوکات چەند كچە خوێندكارێک توشی كەم ئەندامی بوون هاتوون و رەوشی ژمارەیەك لە بریندارەكانیش ناجێگیرە و هەندێكیان رەوانەی شارەكانی هەولێر و سلیمانی كراون
لەئێستادا هێزەكانی پۆلیس و سوپا و ئاسایش لە شوێنی تەقینەوەكەدا كۆبوونەتەوە و لێكۆلینەوەكان دەستی پێكردووە و تاوەكو ئەم هەواڵە هیچ رێكخراوێكی چەكداری ئەنجام دانی ئەو كردەوەیەی لە ئەستۆ نەگرتووە، بەڵام پێشتر چەند ناوچە و قەزا و ناحیەیەكی سنوری پارێزگای كەركووك بەسەنتەری شاری كەركووكیشەوە هەرەشەی ئەنجام دانی تەقینەوەی لەسەر بوو

.jpg&w=3840&q=75)

