له سلێمانی پیاوێك مل و بڕبڕەی پشت و 16 پەراسووی ژنەكەی دەشكێنێت

25-12-2016
سامان بەشارەتی
سامان بەشارەتی
15 رۆژە بێ‌ هۆشە و ژیانی لەنێوان مان و نەماندایە
15 رۆژە بێ‌ هۆشە و ژیانی لەنێوان مان و نەماندایە
نیشانەکردن سلێمانی
A+ A-

رووداو - سلێمانی  

ژنێك، كە دایكی پێنج منداڵە، بەهۆی لێدانی هاوژینەكەی، 15 رۆژە لە بەشی چاودێریی ورد له نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بێهۆشە. مێردەكەشی دەستگیركراوە.

ئەو ژنە 7ی ئەم مانگە لەنێو ماڵەكەی خۆی لە شاری سلێمانی لەلایەن مێردەكەیەوە لێیدراوە، 15 رۆژە لە نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی لەژێر چاودێری پزیشكدایە لە یەكەی چاودێریی ورد.
 
لەنێوان ژیان و مردنە

وەك پزیشكەكانی دەڵێن، ئەو ئامێرانەی كە بۆی دانراون، تەنیا ئومێدی ئەو دایكەن بۆ مانەوەی لە ژیان.

رەئوف عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری كارگێڕی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی بە (تۆڕی میدیایی رووداو) راگەیاند، هەر نەخۆشێك خرایە یەكەی چاودێری ورد ئەوە دەبێت لەژێر چاودێری پزیشكدا بێت بە بەردەوامی، چونكە ژیانی لە نێوان مان و نەماندایە.

دایكی پێنج منداڵە

ئەو ژنە دایكی سێ‌ كوڕ و دوو كچە، لەدوای رووداوەكەوە لە خانەی منداڵانی بێ سەرپەشت لە چاوەڕوانی سارێژبوونی برینەكانی دایكیاندا ژیان بەسەر دەبەن. ئەوان شێوازی تووندوتیژی باوكیان بەرامبەر دایكیان بۆ رووداو دەگێڕنەوە.

كچێكی خێزانەكە: باوكم لێیدا

بەپێچەوانەی گوتەی باوكی، كچێكی ئەو خێزانە دەڵێت "باوكم بە لەقە لە دایكمی دەدا، ئێمەش سەیرمان دەكرد و نەمان دەوێرا هیچ بڵێین. دوای ئەوەی دایكم بارودۆخی تێكچوو و باوكم لێی بێزاربوو، تەلەفۆنی بۆ نەنكم كرد و گوتی، وەرە كچەكەت ببە بۆ نەخۆشخانە لە حەمام كەوتووە".
 
پیاوەكە لە زیندانە

ئێستا هاوژینی ئەو ژنە بەپێی مادەی 7ی یاسای بەرانگاربوونەوەی تووندوتیژی خێزانی زیندانی كراوە، دەرەنجامی سزاكەشی بەستراوەتەوە بەباری تەندروستی هاوژینەكەی و لێكۆڵینەوەكان لە دۆسییەكە بەردەوامن.

پۆلیس ئاگاداری وردەكاری رووداوەكەیە

 

   رائید هیوا كەریم، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژی دژی ژنان لە سلێمانی لە كاتی بەشداری لە بەرنامەی هۆت لاینی تۆڕی میدیایی رووداو باسی لە رێكارەكانی ئەو پرسە كرد و رایگەیاند، ژنەكە پێشتر بۆ كێشەی خێزانی سەردانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانی كردووە.

رائید هیوا كەریم ئاشكرای دەكات، ئەو ژنە لە 7ی مانگ لێیدراوە، بەڵام رۆژی 9ی مانگ گەیێندراوەتە نەخۆشخانە، ئەو كاتەش بەهۆی خراپی باری تەندروستی نەتوانراوە گوتەی لێوەبگیرێت، "بەداخەوەش بەپێی راپۆرتی پزیشكی، پێدەچێت باری تەندروستی باش نەبێتەوە".

لەبارەی گوتەی مێردی ئەو ژنە، رائید هیوا كەریم گوتی "هاوژینەكەی دەڵێت لێم نەداوە، بەڵكو لە كاتی شتنی حەمام خلیسكاوە و وای بەسەر هاتووە، بەڵام راپۆرتە پزیشكییەكان نیشانی دەدەن لەژێر ئەشكەنجەدا وایلێهاتووە".

پێشتر سەردانی بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانی كردووە

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تووندتیژی دژی ژنان لە سلێمانی ئاماژە بەوە دەكات، پێشتر ئەو ژنە جارێك هاتووەتە بەڕێوەبەرایەتییەكەیان و كێشەیەكی ئاسایی خێزانی هەبووە، بەڵام سكاڵای تۆمار نەكردووە، بۆیە نەتوانراوە هیچ بكرێت.
 
"ئامادە نەبووە بیگەیێنێتە نەخۆشخانەش"

بەگوتەی رائید هیوا كەریم، كە رۆژی 7-12-2016 ئەو رووداوە روودەدات، ئەو پیاوە هاوژینەكەی ناباتە نەخۆشخانە و كەسوكارەكەشی ئاگادار ناكاتەوە، بەڵكو شەوی 8ی مانگ كەسوكاری هاوژینەكەی ئاگادار دەكاتەوە، ئەوانیش بەرەبەیانی رۆژی 9ی مانگ دەچن بەهانای ژنەكەوە.

بەگوتەی رائید هیوا كەریم، ئەو رۆژەش پیاوەكە ئامادەنەبووە لەگەڵی بچێتە نەخۆشخانە، بەڵام دایكی ژنەكە هەڕەشەی سكاڵا تۆماركردنی كردووە، بەو هۆیەوە ناچاربووە بچێتە نەخۆشخانە، دواتریش دەستگیركراوە، چونكە راپۆرتی پزیشكی نیشانی دەدات ئەشكەنجە دراوە.

داڕشتنەوە: حەكیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە