پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو رایگەیاند، كەمێك پێش ئێستا، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغداوە گەیشتەوە هەولێر.
ئەمڕۆ چوارشەممە، شاندێكی هەرێمی كوردستان بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی كە پێكهاتبوو لە عیماد ئەحمەد، جێگری سەرۆكی حكومەت، د.عەلی سندی، وەزیری پلاندانان، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حكومەت و چەند بەڕێوەبەرێك لە وەزارەتی دارایی، بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەرێمی كوردستان وحكومەتی فیدڕاڵ گەیشتە بەغداو لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆك وەزیرانی عێراق كۆبووەوە.
پێشتر مالیكی لەسەر ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكە بۆ تۆڕی میدیایی رووداو گوتبووی "شاندەكەی هەرێمی كوردستان جدییە و پێویستە ئەمشەو لەسەر پرسی نەوت رێكبكەوین".
گوتیشی "نەوت و بودجە بەیەكەوە بەستراون، بودجە ساڵی داهاتوو گفتوگۆی لەسەر دەكرێت، ئەگەر هەرێمی كوردستان پرسی نەوت روونبكاتەوە و تێبینیمان لەسەر هەناردەكردنی نەبێت، بودجەش وەك خۆی پەسند دەكرێت".
دواتر، شاندەكەی هەرێمی كوردستان سەردانی عەمار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق كرد. دوای كۆبوونەوەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچیرڤان بارزانی رایگەیاند، پابەندین بە ماددە دەستوورییەكان و نەوت موڵكی هەموو عێراقە، بۆ یەكەمجار هەرێمی كوردستان بە فعلی بەشداری بەدەستهێنانی داهات بۆ عێراق دەكات.
پاشانیش لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، شاندەكەی هەرێمی كوردستان لە گەڵ حوسێن شەهرستانی، جێگری سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كاروباری وزە كۆبووەوە.
پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، لە كۆبوونەوەكەدا نێچیرڤان بارزانی بە شەهرستانی گوتووە، ئێمە هاتووین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كلیلی چارەسەركردنی كێشەكانیش لای خۆتانە.



