رێكخراوی منداڵپارێز باوكی نما دەداتە دادگا

25-11-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن نما مەریوان
A+ A-

رووداو - سلێمانی

رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، سكاڵایەكی یاسایی لەسەر باوكی نما تۆمارکرد و، ئەمڕۆش بۆ لێكۆڵینەوە بردرایە بەردەم دادگا.

شاگوڵ رەئووف، دایكی نما بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەسەر سكاڵایەكی رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان، لەسەر ئەو قسە ‌و گرتە ڤیدیۆییانەی نما بڵاویان دەكاتەوە، ئەمڕۆ (یەكشەممە، 25-11-2018) نەریمانی هاوژینم براوەتە دادگای چوارچرا لە سلێمانی".

دایکی نما هەروەها دەڵێ "حەق نییە لەسەر قسەیەكی نما سكاڵا تۆمار بكرێت، چونكە نما تەنیا قسەی كردووە، كێش گلەیی هەیە دەكرێت بە قسە وەڵامی بداتەوە، ئەگەر نەریمانیش قسەی كردووە، هەر دەكرێت بە قسە وەڵام بدرێتەوە".

لەسەر ئەو پرسە نوعمان عەبدولڕەحمان، بەڕێوەبەری بەرنامەكان لە رێكخراوی منداڵپارێزی كوردستان قسەی بۆ رووداو كرد و ئەوەی رەتكردەوە لەسەر قسەكانی نما سكاڵایان تۆمار كردبێت، گوتیشی "ئێمە بەهیچ جۆرێك لەسەر قسە ‌و گرتە ڤیدیۆییەكانی نما سكاڵامان تۆمار نەكردووە، بەڵكو باوكی نما كۆمەڵێك تەشهیری بە رێكخراوەكەمان كردووە، تەنیا دەمانەوێ‌ بەڵگە بۆ ئەو قسانە بێنێتەوە كە لەسەر رێكخراوەكامان كردوویەتی".

نما نەریمان، كچێكی بچووكی دانیشتووی شاری سلێمانیە، بە قسە‌ و رەخنەکانی لەنێو گرتە ڤیدیۆییەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتییەكان ناوبانگێكی زۆری پەیدا كردووە.

 

 

پێداچوونەوە: هەڵات رێبوار

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە