سێ بەرپرسی پارتی بانگ دەكرێن بۆ پیرمام

25-08-2014
ناسر عەلی
سەربەست باپیری، لیوا سەعید کێستەیی و شەوکەت کانیکی
سەربەست باپیری، لیوا سەعید کێستەیی و شەوکەت کانیکی
نیشانەکردن شنگال
A+ A-
رووداو- دهۆك

لەسەر ئەو كارەساتەی بەسەر خەڵكی شنگال هات، سێ‌ بەرپرسی پارتی بانگكراون بۆ پیرمام و تاوەكو ئێستا ئایندەیان دیار نییە. بەرپرسێكی باڵای پارتیش دەڵێ "جگە لەو سێ كەسە بەرپرسی دیكەش هەن كە لەسەر رووداوەكانی شنگال دەبرێن بۆ پیرمام".

بەپێی زانیارییەكانی (رووداو)، هەریەك لە لیوا سەعید كێستەیی، بەرپرسی سوپای یەك كە تاوەكو سێی ئەم مانگە سوپاكەی لە شنگال بوو،  شەوكەت كانیكی، بەڕێوەبەری ئاسایشی شنگال و سەربەست بابیری، بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال، ئێستا لە پیرمامن، شوێنی بڕیاردانی پارتی و لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

شەوكەت كانیكی، لەبارەی بانگكردنیان بۆ ئەوێ گوتی "مانەوەی ئێمە لە پیرمام بۆ ئەوەیە لەگەڵ سەرۆك بارزانی و لێژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوەكانی شنگال كۆببینەوە". 

بە فەرمانی مەسعود بارزانی، لێژنەیەك پێكهێنراوە بۆ بەدواداچوونی كارەساتەكەی شنگال. لیژنەكە هەریەك لە نوێنەری بارزانی و نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و دادوەرێك لە خۆدەگرێ و ئێستا دەستیان بە لێكۆڵینەوە كردووە.

سەرچاوەیەك لەوبارەوە بە (رووداو)ی راگەیاند "بارزانی زۆر بە وردی بەدواداچوون بۆ رووداوەكانی شنگال دەكات و هەر زوو بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە پۆستەكەی لادا". گوتیشی "لەسەر فەرمانی بارزانی ئەو سێ‌ بەرپرسەی پارتی بانگ كراون بۆ پیرمام و ئێستا لە ژێر لێكۆڵینەوەدان".

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، زانیاری زیاتری ئاشكرا كرد و گوتی ‌"جگە لەو سێ بەرپرسە،‌ ژمارەیەكی دیكە بەرپرسی سەربازی لەسەر رووداوەكانی شنگال لە زووترین كاتدا بەرەو پیرمام رادەكێشرێن بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوەیان لەگەڵ بكرێ".

شەوكەت كانیكی،‌ رەتیدەكاتەوە كە ئەوان لە پیرمام دەستبەسەربن، بەڵام گوتی "چەند رۆژێكە لێرە چاوەڕێی دیداری سەرۆك بارزانی و لێژنەی لێكۆڵینەوەین لەسەر رووداوەكانی شنگال، كە هەموو كەس دەزانێ چی روویداوەو هیچ شتێك ئیدی ناشاردرێتەوە".

كانیكی نازانێ فەرمانی بارزانی چی دەبێ بۆ ئەوان، بەڵام لەدرێژەی قسەكانیدا بۆ (رووداو) گوتی "هەر بڕیارێك بدات ملی ئێمە لەبەر چەقۆی ئەوە".

لیوا سەعید كێستەیی، بەرپرسی سوپای یەكی پێشمەرگە لە هێزەكانی زێرەڤانی كە بانگكراوە بۆ پیرمام، لە رێگەی تەلەفۆنەوە باسی رەوشی خۆیانی بۆ (رووداو) كرد و گوتی "ئێمە هەر كاتێ بمانەوێ دەچینە هوتێل و نان دەخۆین". بەڵام قسەی زیاتری نەكرد كە ئایا ئازادن لەوەی بچن بۆ هەر شارێك یان بازاڕ بكەن و دەڵێ "لە زینداندا نین، چاوەڕێین سەرۆك بارزانی ببینین".

سەبارەت بە سەربەست بابیری، بەرپرسی لقی شنگالیش ئێستا نە جێگای دیارە و نە تەلەفۆنەكانی بەردەستن، تەنانەت (رووداو) هەوڵیدا لە رێگەی سەعید كێستەیی و شەوكەت كانیكی بزانێ ئایا ئەویش لەگەڵ ئەوان لە پیرمامە یان نا، بەڵام هیچ زانیارییەك لەسەر جێگەی سەربەست بابیری ئاشكرا نەبوو.

بەرپرسێكی باڵای پارتی كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، لەبارەی ئەو رێكارانەی كە سەركردایەتی پارتی بەرامبەر بەرپرسانی پارتی دەیگرێتە بەر كاتێك كەمتەرخەمی دەكەن لە كارەكانیان، گوتی "هەر كەسێك لە نێو پارتیدا كارەكانی خۆی بە باشی نەكات و حیزب بڕیاری سزادانی بدات، سەرەتا بۆ پیرمام بانگ دەكرێ. راستە ئەوان لە نێو زینداندا نین، بەڵام مامەڵەكردن لەگەڵیان وەكو مامەڵەی كەسێكە لەنێو زیندان بێت و ئازاد نییە بۆ هەموو شوێنێك بڕوات و بۆ ماوەی چەند رۆژێك هەروا دەمێنێتەوە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە