ئیتاڵیا لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەردەوامدەبێت

25-05-2015
بژار حەکیم
نیشانەکردن ئیتاڵیا هەرێمی كوردستان
A+ A-

رووداو- هەولێر

بەبۆنەی تەواوبوونی ئەرکەکەی وەک باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق، بەر لەگەڕانەوەی، ماسیمۆ مۆرۆیی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد و بەردەوامبوونی هاوکاری ئیتاڵیای بۆ هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

رۆژی دووشەممە 2015/5/25، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە ماسیمۆ مۆرۆتی، باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد، كە بە مەبەستی كۆتاییهاتنی ئەركی وەك باڵیۆزی وڵاتەكەی لە عێراق سەردانی سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستانی كرد.

لە دیدارێكدا باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق باسی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستانی كردووە و سوپاس و پێزانینی خۆی پێشكەش بە حكومەت و خەڵكی كوردستان كردووە كە هاوكاربوونە لە ئەركەكانی بۆئەوەی وەك باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق سەركەوتووبێت.

بەپێی راگەیێندراوێكی حكومەتی هەرێمی كوردستان، باڵیۆزی ئیتاڵیا باسی لە هاوكارییەكانی ئیتاڵیا بۆ خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانیش كردووە بە تایبەت لەڕووی ناردنی هاوكاریی مرۆیی و بەردەوامی خولی مەشق و راهێنان بە هێزی پێشمەرگە، جەختیشی لە بەردەوامبوونی ئەو هاوكارییانە بۆ هەرێمی كوردستان كردووەتەوە.

سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان سوپاسی ڕۆڵی باڵیۆزی ئیتاڵیای لە عێراق كرد كە توانیویەتی پەیوەندییەكی بەهێز و تۆكمە لە نێوان هەرێم و ئیتالیادا دروست بكات و لە سەردانەكانی بۆ هەرێمی كوردستان وێنەی ڕاستەقینەی هەرێم بۆ وڵاتەكەی و ئەورووپا بە شێوەیەكی گشتی بگوازێتەوە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركی نوێیدا.

لە بەرامبەردا نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە هاتنی شاندە باڵاكانی ئیتاڵیا بۆ هەرێمی كوردستان لە ڕۆژە سەختەكاندا كردووە و دووپاتیكردووەتەوە كە ئەو سەردانانەیان جێگەی رێز و سوپاسی خەڵك و حكومەتی هەرێمی كوردستانن، ئەوەشی دووپاتكردووەتەوە كە مەترسی تیرۆریستانی داعش بەردەوامە، بۆیە پێویستە هاوكاری و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا بەردەوامبێت.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە