بۆ ترساندنی مێردەكەی خۆی دەسووتێنێ

24-11-2014
عومەر چاوشین
نیشانەکردن خۆسووتاندن
A+ A-

رووداو- رانیە

ژنێك بە مەبەستی "ترساندن و تەمبێكردن"ی هاوسەرەكەی بە ئەنقەست ئاگر لە جلەكانی بەردەدات، بەڵام ئاگرەكە لە كۆنترۆڵ دەردەچێت و جەستەی دەسووتێنێ. ئەو ژنە دوو رۆژ لە نەخۆشخانە مایەوە و دواتر گیانی لەدەستدا.

ئەو ژنە كە ناوی لاوین ئەحمەد رەفیق بوو، تەمەنی 18 ساڵ بوو، هیچ سكاڵایەكی تۆمار نەكرد لەسەر هاوسەرەكەی بەر لەوەی گیان لەدەست بدات، تەنیا داوای گەردن ئازادی لە كەسوكارەكەی كرد و داواشی كرد كچەكەی بە باشی پەروەردە بكەن. كەسوكاری ژنەكە رەتیدەكەنەوە كە مێردی لاوین هۆكار بووبێت بۆ خوسووتاندنی كچەكەیان، هەر بۆیەش سكاڵایان لەسەر تۆمار نەكرد.

سەركەوت رەفیق، مامی لاوێن پشتڕاستیكردەوە كە برازاكەی، خۆی سووتاندووە، بەڵام هۆكارەكەی نازانن "چونكە دوای خۆی هیچ بەڵگەیەكی جێنەهێشتووە تاوەكو بزانرێت بۆچی خۆی سووتاندووە، لە نەخۆشخانەش بەر لەوەی گیان لەدەست بدات، هیچ شتێكی نەدركاند، تەنیا پەشیمان بوو لەو كارەی كردوویەتی، هەروەها داوای گەردن ئازادیی لێكردین، یەك وەسیەتیشی هەبوو گوتی زۆر ئاگاتان لە كچەكەم بێت و بە باشی پەروەردەی بكەن".

مامی لاوێن دەڵێت لاوین بە خواستی خۆی و بەبێ‌ هیچ گوشارێك شووی بەو كوڕە كردووە، كێشەی ئابوورییان نەبووە و باری داراییان باش بوو، نەشیانزانیوە لەگەڵ ئەو كوڕە كێشەی هەبووبێت.
مامی لاوێن زانیارییەكی لەبارەی خۆسووتاندنی برازاكەی ئاشكرا كرد و گوتی "وەكو زانیومانە دەمەقاڵەیەك لە نێوان لاوێن و مێردەكەی دروستبووە، لاوێن ویستوویەتی مێردەكەی بترسێنێ، هەندێك نەوتی بە جلەكانی خۆیدا كردووە و ئاگری لە دامێنی جلەكانی بەرداوە، بەڵام دواتر ئاگرەكە تەشەنەی كردووە و لە كۆنترۆڵ دەرچووە و پێی نەكوژاوەتەوە، بەو هۆیەوە زۆربەی جەستەی سووتاوە".

سەركەوت پێیوایە لاوێن لە تەمەنێكی زۆر كەمدا چووەتە ژێرباری بەرپرسیارێتییەكی گەورە، ئەویش ژیانی هاوسەرییە، هەر بچووكی تەمەنیش وایكردووە بەسەر كێشەكانی لەگەڵ مێردەكەی زاڵ نەبێت و پەنا بۆ رێگەیەكی هەڵە ببات بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان.
هەرچەندە كەسوكاری لاوین سكاڵایان تۆمار نەكردووە، بەڵام پۆلیس مێردی لاوینی دەستگیركردووە. سەركەوت داوای كرد كە پۆلیس مێردی لاوین ئازاد بكات، چونكە ئەوان هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ ماڵی كوڕەكەدا نییە و ناسیاوی یەكدیشن، ئەگەر كێشەشیان هەبێت لە نێو خۆیاندا چارەسەری دەكەن.

(رووداو) پەیوەندی كرد بە بنەماڵەی هاوسەری لاوێن، بەڵام ئامادە نەبوون هیچ لێدوانێك بدەن و گوتیان كە راستیی رووداوەكە لای ماڵی باوكی لاوینە، نازانن ئەو كچە بۆچی خۆی سووتاندووە.
رائیدی پۆلیس مستەفا محەممەد باپیر گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی راپەڕین بە (رووداو) رایگەیاند "ئەو ژنە كە دانیشتووی گەڕەكی كوردستانی ناحیەی چوارقوڕنەیە، لە 15/11/2014 خۆی سووتاندووە.  دەستبەجێ‌ هێزەكانی پۆلیس گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەكە و دەستیان بە لێكۆڵینەوە كرد، بەڵام بەهۆی ئەوەی لێكۆڵینەوە لە قۆناغی سەرەتایدایە، هێشتا روون نییە ئەو ژنە بۆچی خۆی سووتاندووە".

رائید مستەفا گوتیشی، بەهۆی زۆریی رێژەی سووتانەكەی، قوربانییەكە لە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاكەوتنی سلێمانی، بەڵام دوای رۆژێك گیانی لە دەستدا، بە مەبەستی بەدواداچوونی زیاتر بە فەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 408 لە یاسای سزادانی عێراقی هاوسەرەكەی لە لایەن پۆلیسەوە راگیراوە".


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە