بەهرۆز گەڵاڵی: تورکیا دەریکردم

24-08-2017
ئەرکان عەلی
ئەرکان عەلی
بەهرۆز گەڵاڵی، کە 17 ساڵە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 24-8-2017 گەیشتەوە سلێمانی
بەهرۆز گەڵاڵی، کە 17 ساڵە نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە لە تورکیا، رۆژی پێنجشەممە 24-8-2017 گەیشتەوە سلێمانی
نیشانەکردن بەهرۆز گەڵاڵی
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەکاتێکدا شاندی یەکێتی بڕیاربوو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەولێر کۆببێتەوە، بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری ئەو حیزبە لە تورکیا رایگەیاند، حکومەتی تورکیا پێیگوتووە نووسینگەکەی دابخات و وڵاتەکەی جێبهێڵێت.

دوای گەیشتنەوەی بە سلێمانی، بەهرۆز گەڵاڵی، نوێنەری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە تورکیا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی لەبارەی ناردنەوەی ئەنجامدا و هۆکاری داخستنی نووسینگەی نوێنەرایەتیی حیزبەکەی لە ئەنقەرە راگەیاند. 

بەهرۆز گەڵاڵی، کە 17 ساڵە نوێنەری یەکێتییە لە ئەنقەرە رایگەیاند: "من لە تورکیا نوێنەری یەکێتی نیشتمانی کوردستان و نوێنەری جەنابی مام جەلال بووم، ماوەیەکی زۆر لەوێ ئیشوکاری باشمان کردووە".

بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت، لەو 17 ساڵەدا چەندینجار "ئەزمەی سیاسی زۆر گەورە" هاتووەتە پێشەوە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق و تورکیا، بەڵام هیچ کاتێک بەو شێوەیە نەبووە رێکاری لەو شێوەیە لە بەرامبەر نوێنەری یەکێتی یان لایەنێکی دیکە بگیرێتەبەر.

لەبارەی هۆکاری دەرکردنی لە ئەنقەرە، بەهرۆز گەڵاڵی گوتی "لە ماوەی رابردوو ئەزمەیەکی سیاسی لە سلێمانی دوستبوو، کە هیچ پەیوەندییەکی بە یەکێتییەوە نەبوو، بەڵکو زیاتر هەڵەی خۆیان بوو. ئەوە بوو پێش چەند رۆژێک لەلایەن وەزارەتی دەرەوە ئاگادارکرامەوە لەسەر هەبوونی رووداوێک لە سنووری ناوچەی یەکێتی، نیگەرانی خۆیان لەبەرامبەر ئەو سیاستە پیشاندا کە لە دامودەزگا ئەمنییەکاندا هەیە، ئەوەش گەیشتە ئەو ئاستەی ئۆفیسەکەی یەکێتی لە ئەنقەرە دابخرێت و داواشیان لێکردم لە ماوەی سێ رۆژدا نووسینگەی یەکێتی دابخەین".

لەبارەی وەڵامی بۆ نیگەرانییەکی تورکیا، بەهرۆز گەڵاڵی دەڵێت "ئەگەرچی پێمانگوتن لە پەیوەندییە سیاسیی و دیپلۆماسییەکان زۆر جار شتی وا روودەدات، کاتی خۆیشی لە 2003 کاتێک کە سەربازەکانیان لێرە بوون، سوپای ئەمریکی هاتوون و دابەزینە سەریان، بەڵام ئەوکات بە حیکمەتی جەنابی مام جەلال و هەموو لایەک توانرا کێشەکە بەشێوەیەکی زۆر هێمنانە چارەسەر بکرێت. لەنێوان دەوڵەتانیش زۆرجار شتی وا روویداوە، بەڵام زۆر دەوڵەت هەیە بەشێوەیەکی زۆر هێمن و بە رێگەیەکی دیپلۆماسییانە کێشەکان چارەسەر دەکات، بەڵام ئەمجارە بەداخەوە تورکەکان بەشێوەیەکی زۆر دیپلۆماسی وشک کارەکەیان ئەنجامدا".

بەهرۆز گەڵاڵی ئاماژە بەوەش دەکات کە یەکێتی "هەردەم خاوەنی هەڵوێستی نیشتمانپەروەرانەی خۆیەتی، هەڵوێستەکانی دیارن، هەمیشە باجی هەڵوێستەکانی خۆی داوە، بەڵام لە هەمان کاتدا دیارە ئێمەش لە سنووری ناوچەی خۆمان وەک یەکێتی پێویستە لەڕووی ئەمنییەوە ئەو ناوچەیە وای لێنەیێت کە ببێتە تەراتێن و هەموو لایەک بە کەیفی خۆی بێت و بچێت بەبێ ئەوەی حیساب بۆ دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت".

نوێنەرەکەی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە ئەنقەرە دەشڵێت: "ئەوانەی ئەو کارانە دەکەن چ لەلایەن حکومەتان و چ لەلایەن لایەنە سیاسییەکانی دیکە زیان بەو ناوچەیەی ئێمە دەگەیێنێت".

بەهرۆز گەڵاڵی راشیگەیاند، "داوایان لێکردم تاوەکو ئەو کێشە چارەسەر دەبێت، نووسینگەکەمان دابخەین و خۆشم لەگەڵ ماڵ و منداڵم بگەڕێمەوە".

داڕشتنەوە: گۆڤەند مستەفا

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە