حەوت هەزار و 166 خێزانی عەرەبی هاوردە گەڕاونەتەوە کەرکووک

24-06-2019
رووداو @Rudawkurdish
دوای رووداوی 16 ئۆکتۆبەر، 119 هەزار و 526 کەرکووکی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون
دوای رووداوی 16 ئۆکتۆبەر، 119 هەزار و 526 کەرکووکی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون
نیشانەکردن کەرکووک
A+ A-

 

رووداو - کەرکووک 

بە پاڵپشتی ئیدارەی کەرکووک حەوت هەزار و 166 خێزانی عەرەبی هاوردە دووبارە بۆ ناو شاری کەرکووک گواستراونەتەوە. 

پەیامنێری رووداو لە کەرکووک رایگەیاند، ئیدارەی کەرکووک بەشێوەی نایاسایی ئاسانکاری بۆ گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان و هاتنی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی عێراق دەکات بۆ کەرکووک. 

بەگوتەی پەیامنێری رووداو لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەر حەوت هەزار و 166 خێزان گەڕاونەتەوە بۆ نێوشاری کەرکووک و لە گەڕەکە عەرەبییەکانی شارەکەدا نیشتەجێکراون. 

پەیامنێری رووداو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، پارێزگاری کەرکووک ئاسانکاری دەکات بۆ هاتنی عەرەبی ناوچەکانی دیکەی عێراق بۆ ناو پارێزگای کەرکووک و لەم چوارچێوەیە ناسنامە و فۆڕمی خۆراکی سەدان خێزانی عەرەب بۆ کەرکووک گواستراونەتەوە. 

گەڕانەوەی عەرەبە هاوردەکان لە کاتێکدایە کە بەپێی ماددەی 140 دوای وەرگرتنی قەرەبوو و پڕکردنەوەی بەڵێننامە لە دوایی ساڵی 2003 کەرکووکیان جێهێشت و گەڕانەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان لە نێوەڕاست و باشووری عێراق. 

پێکهاتەکانی کەرکووک


کورد
عەرەب
تورکمان 
 کریستیان

ساڵی 1963 گوندەکانی کەرکووک سووتێندران
کورد دەرکرا و عەرەب لە شوێنی نیشتەجێکرا 
هەشتاکانی سەدەی رابردوو راگوێزانی کورد دەستیپێکرد 
پرۆسەکە تاوەکو 2003 بەردەوامبوو 
دوای 2003 زۆربەی عەرەبەکان گەڕانەوە شوێنی خۆیان 
---------------------------
لە ساڵی 1987وە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامنەدراوە
هەزاران ئاوارە لە کەرکووکن
لە ساڵی 2014ـەوە ژمارەیەکی زۆر ئاوارە چوونەتە کەرکووک
ئاوارەکان خەڵکی پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، بەغدا و ئەنبارن
نزیکەی نۆ هەزار ئاوارە لە کامپەکانی کەرکووکن
----------------------------------------------------------
لە دووی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تاوەکو 19ـی حوزەیرانی ئەمساڵ
حەوت هەزار و 166 خێزانی عەرەب چوونەتە کەرکووک
پسووڵەی خۆراکی عەرەبەکان بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە
ناسنامەی باری شارستانی عەرەب بۆ کەرکووک دەگوازرێتەوە
----------------------------
دوای رووداوی 16ـی ئۆکتۆبەر، 119 هەزار و 526 کەرکووکی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون
زیاتر لە 77 هەزاریان لە هەولێر و 42 هەزاریان ئاوارەی سلێمانی بوون
نزیکەی 10 هەزار کەس لە خورماتوو ئاوارەبوون 
نزیکەی 50 پۆستی ئیداری کەرکووک لە کورد وەرگیراونەتەوە

پرۆسەی بەعەرەبکردن لە ساڵی 1963 دەستیپێکرد، ئەوەش کاتێک حەرەسی قەومی و سوپای عێراق هێرشیانکردە سەر ناوچە کوردنشینەکانی پارێزگای کەرکووک، گوندەکان سووتێندران و مەڕ و ماڵات تاڵانکران .

كورد لە گوندەكانی نێوان كەركووك، دوبز، سەرگەڕان، گوندەكانی نێوان كەركووك، ئاڵتون كۆپری، لەیلان و شوان دەركران و عەرەب لە جێیاندا نیشتەجێكران.
 
جوان حەسەن ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک دەڵێت "لە دوای 16ـی ئۆکتۆبەرەوە هاتنی عەرەب بۆ کەرکووک زیاتر بووە و ئیدارەی پارێزگا دەسەڵاتێکی زۆری هەیە و بۆ رێگەدان بە هاتنی ئەو عەرەبانە و نیشتەجێبوونیان لە کەرکووک بەکاریان دەهێنێت و ئەمە بووە هۆی روودانی گۆڕانکاریی دیمۆگرافی لە کەرکووک".

هەرچەندە لە ساڵی 1987 وە سەرژمێری گشتی لە عێراق ئەنجامنەدراوە، بەڵام بەپێی پسووڵەی خۆراک و ئەنجامەکانی هەڵبژاردن کورد لە پارێزگای کەرکووک زۆرینەیە و دواتر عەرەب و دواتر تورکمان دێ و ژمارەی کریستیانیش لە کەرکووک لە ژمارەی پێکهاتەکانی دیکە کەمترە.

600 هەزار ئاوارە لە کەرکووکن


لە ساڵی 2014 و بەهۆی هاتنی داعشەوە زیاتر لە 600 هەزار ئاوارە لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین، دیالە، بەغدا و ئەنبارەوە روویان لە کەرکووک کرد و لەوێ نیشتەجێبوون.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بەوەکالەت دەڵێت "پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت راکان سەعید هەوڵی گواستنەوەی نفووسی ئەو 600 هەزار ئاوارە بۆ کەرکووک دەدات، لەکاتێکدا لەکاتی خۆی رژێمی بەعس تەنیا 200 هەزار عەرەبی هاوردەی هێنایە کەرکووک".

7166 هەزار و 166 خێزانی عەرەب هاتوونەتە کەرکووک


لە 2ـی کانوونی دووەمی ئەمساڵەوە تا 19ـی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ حەوت هەزار و 166 خێزانی عەرەب لە پارێزگاکانی نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە و ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق هاتوونەتە کەرکووک و هۆکارەکانی هاتنی ئەم عەرەبانە زۆرن.

گواستنەوەی پسووڵەی خۆراکی عەرەب بۆ کەرکووک

نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە کەرکووک دەڵێت، ئێستا لە ئاستی عێراق رێگە بە گواستنەوەی پسوولەی خۆراک دەدرێ و هەرچەندە تایبەتمەندیی دراوە بە کەرکووک، بەڵام لە کۆتاییدا عەرەبەکان دەتوانن پسوولەی خۆراکیان بۆ کەرکووک بگوازنەوە و ئێستاش دەیگوازنەوە.

گواستنەوەی ناسنامەی باری شارستانی عەرەب بۆ کەرکووک

نووسینگەی جێبەجێکردنی مادەی 140 لە کەرکووک دەڵێت، وەزارەتی ناوخۆی عێراق ئێستا زۆرتر بەراورد بە پێش 16ـی ئۆکتۆبەر رێگە بە گواستنەوەی تۆماری باری شارستانی عەرەبەکان بۆ کەرکووک دەدات.

بەهۆی رووداوی 16ـی ئۆکتۆبەر، 119 هەزار و 526 کەرکووکی ئاوارەی هەولێر و سلێمانی بوون، کە زیاتر لە 77 هەزاریان ئاوارەی هەولێر و 42 هەزاریان ئاوارەی سلێمانی بوون و بەشێکیان روویان لە گەرمیان کردووە.

هەروەها نزیکەی 10 هەزار کەسیش لە خورماتوو ئاوارە بوون. بەڵام ئێستا ئەو رێژەیە کەمیکردووە و گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان. نزیکەی 50 پۆستی ئیداری لە کەرکووک و خورماتوو لە کورد سەندراونەتەوە.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 

 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە