سەرکردەیەکی یەکگرتوو داوادەکات لایەنەکان لەسەر دابەشكردنی عێراق رێككەون

24-05-2014
عومەر شایان
نیشانەکردن یەکگرتوو دابەشبوونی عێراق
A+ A-

رووداو-هەولێر

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پێیوایە باشترین رێگاچارە بۆ کێشەکانی ئەمڕۆی عێراق دابەشبوونی ئەو وڵاتەیە و داوا لە هێزە كوردستانییەكان دەكات "پێویستە هەموومان پێكەوە كەشتیەكە لێخوڕین بەرەو كەناری ئارامی".

محەممەد رەئوف، سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە بابەتێكدا لە ژێر ناوی "با پێكەوە خەمێك لە ئایندەی كوردستان بخۆین"، كە لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاویكردووەتەوە، دەڵێت، "مالیكی باوەڕی به دستووری نوێی عیراق نەبوو ، ئێستا به 95 كورسییەوه دەچێته شەڕی حكومەتی تەوافوق و شەراكەت و بێ منەتانه مامەڵه دەكات."

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو باس لە ترافیكێكی سیاسی دەكات، كە دوای هەڵبژاردن دروستبووە و دەڵێت، "سەرنج بدەن، هێڵە گەرمەكانی سیاسەت و دیپلۆماسیەت و خاڵه یەكبڕەكانی بەرژەوەندی كەسی و حیزبی و تایفی و نەتەوەیی و هەرێمایەتی و كومپانیا ناوخۆیی و نێونەتەوەییەكان، هەموو ئەوانە ترافیكی سیاسی دروستكردووە."

محەممەد رەئوف پێیوایە "عێراق خۆی چەند بێسەروبەر و شپرزەیە ئەوەندەی دیكە ئاڵۆز و شێوێندراوە و پێویسته زوو فریای ئەمڕۆ و ئایندەی خۆمان و هەرێم و ئەزموونەكەمان بكەوین".

سەرۆكی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكگرتوو دەشڵێت "مالیكی دەچێت بۆ تاران، تارانیش دوو هەڵوێستن، سووننە، بوون بە سێ بەشەوە، كورد ئێستا دووبەش و دوو رایه و زوو چاك نەكرێت، خراپتریش دەبێت".

محەممەد رەئوف ئاماژە بە جموجۆڵەكان لەم سات و كاتەدا دەكات و دەڵێت، "ئەوانەی بیانەوێ ببن بە سەرۆك وەزیران و سەرۆك كۆمار، سەردانی تاران دەكەن، سەرۆكی هەرێم دەڕوات بۆ فەرەنسا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەڕوات بۆ بەریتانیا، توركیا نەوتی هەرێم دەگەیەنێتە بازاڕ و بۆرسەكانی جیهانی، كورد چاوەڕوانی پارەی نەوتەكەیە لەوسەرەوە بێتەوە، شەهرستانی شكات لە توركیا دەكات، چونكە سەروەری عێراقی بەزاندووە".

ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو كۆمەڵێك پرسیار دەخاتەڕوو و دەڵێت، "با پێكەوە ئەم پرسیارانە بكەین بزانیین بەرەو كوێ دەڕۆین، ئەم عێراقە كوێی لە دەوڵەت دەچێت؟ كێ حاكمی راستەقینەی عێراقە ؟كێ لەبەشی خۆی، حیزبەكەی ،نەتەوەكەی و تایفەكەی رازییە؟ كەی فیدراڵیەت رەنگ دەگرێت ؟ چەند ساڵی دیكە شەڕی تایفی و مەزهەبی تەواو دەبێت؟ كەی جەدەلی ساڵانەی نەوت و بودجە و پێشمەرگە تەواو دەبێت؟

هەروەها دەپرسێت، "كەی ئەم خەونانە دەبنە حەقیقەت؟ خەونی دەوڵەتی مەركەزی دینی شیعە، خەونی گەڕانەوەی ئەمجاد و سەروەری بۆ دەوڵەتی عەرەبی سوننەكان، خەونی ئازادی و سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان بە كەركووكەوە، خەونی كەمەنەتەوەییەكانی دیكەی عێراق، خەونی دەوڵەتێكی عەرەبی دیموكراسی، لیبڕاڵی عێراقی، هەموو ئەم خەونانه ئەجیندای سیاسی، ئابووری، دینی، نەتەوەیی پێكهاتەكانی عێراقه و رۆژانه هەرهەمووی كاری بۆ دەكەن".

محەممەد رەئوف بە راشكاوی باس لە دابەشكردنی عێراق دەكات و دەڵێت، "وادەزانم پێشەكی و پرسیارەكان بە راشكاوی بە هەموو عێراقییەك دەڵێن، چیتر خۆتان مەخەڵەتێنن و فێڵ لە خۆتان و ئایندەتان مەكەن و كات و ژیان بە فیڕۆ مەدەن و رێككەون لەسەر دابەشكردنی عێراق."

لە كۆتاییدا روودەكاتە هێزە كوردستانییەكان و رۆشنبیرە "كوردپەروەرەكان" و دەڵێت، "ئەگەر دەتانەوێت شەپۆلی زریانەكە وردەوردە بتانگەیەنێتە كەناری ئارامی، ئەو ئەگەرەش هەیە پێش ئەوەی بگەین، بخنكێین، بۆیە پێویستە هەموومان پێكەوە كەشتیەكە لێخوڕین بەرەو كەناری ئارامی."

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە