هەولێر.. لە دایەنگەكان حەبی خەو شوێنی لایلایە دەگرێتەوە

23-07-2014
هەڵۆ کاکەوەیس @halo_kakawais
نیشانەکردن دایەنگە
A+ A-

رووداو- هەولێر

"هەندێك دایەنگە پارەی زیاد وەردەگرن"، "خواردنی ماوەبەسەرچوو دەدەنە منداڵان". هەروەها "حەب و شروب دەدرێتە منداڵان بۆ خەواندن".

ئەم كێشانە و چەندین كێشەی دیكە، وای لە وەزیری تازەی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی كرد كە دوای دەستبەكاربوونی، لەگەڵ بەرپرسانی دایەنگەكان كۆببێتەوە و داوای راپۆرتی 4 ساڵی رابردوویان لێ‌ بكات.

محەممەد هاودیانی، وەزیری كاروكاروباری كۆمەڵایەتی بە (رووداو)ی گوت "دوای بینینی راپۆرتەكان، رێنمایی نوێ‌ دەردەكەین بۆ بەڕێوەبردنی دایەنگەكان".

سامی ئیبراهیم رۆژبەیانی، كە پارێزەرە و منداڵیشی لە دایەنگە بووە، باسی بەسەرهاتی كچەكەی دەكات لە دایەنگەیەكی شاری هەولێر و دەڵێت "لە ئەیلولی 2009 كچەكەم زۆر بە خراپی دەموچاوی برینداركرابوو،  كاتێك چوومە دایەنگەكە گوتیان دەموچاوی بەر دەرگا كەوتووە، بەڵام من سوور بووم لەسەر ئەوەی كە راستییەكەم پێبڵێن، ئیدی گوتیان لەدەستمان دەرچووە".

كێشەی منداڵەكەی سامی سكاڵای بەڕێوەبەری دایەنگەكە و سامیشی لێكەوتەوە كە ئەم هەفتەیە دانیشتنێكی دادگا لەوبارەیەوە بەڕێوەدەچێت.

بەپێی راپۆرتی دادپزیشكی هەولێر بە ژمارە 4489 لە 7/9/2009 ، ئەو منداڵە لێیدراوە و دەموچاویشی بریندار كراوە، جگە لەوەش گازی لێگیراوە، بەوهۆیەشەوە تووشی شۆكی دەروونی بووە. ساڵی دواتر وەزارەتی پەروەردە، مامۆستای سەرپەرشتیاری دایەنگەكەی بە (ئاگاداركردنەوەیەك) سزا دا. 

ئەو پارێزەرە دەڵێت چەندین كەسی دیكە دەناسێت كە منداڵەكانیان لە منداڵەكەی ئەو خراپتریان بەسەر هێنراوە، بەڵام سكاڵایان تۆمار نەكردووە.

هێرش حوسێن، جێگری قایمقامی هەولێر و سەرۆكی لیژنەی بەدواداچوون لە پارێزگای هەولێر بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند ''تاوەكو ئێستا چەندین دایەنگەمان داخستوون، چونكە خاوێن نەبوون و شوێنیان گونجاو نەبووە، یان كەلوپەلی پێویستیان نەبووە، هەروەها نرخەكانیان زۆر بووە، یان سەرپەرشتیارەكانیان كەمبوون بە بەراورد لەگەڵ ژمارەی منداڵەكان".

بەپێی رێنماییەكانی وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نابێت دایەنگەكان مانگانە لە 100 هەزار دینار زیاتر وەربگرن بۆ  هەر منداڵێك، بەڵام زۆر لە دایەنگەكان تاوەكو 300 هەزار دیناریش وەردەگرن.

دیمەن محەممەد بایز، بەرپرسی دایەنگەكان لە وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی بە (رووداو)ی گوت  ''دایەنگەكان وەسڵی 100 هەزار دینار بە خەڵكی پڕدەكەنەوە، بەڵام 100- 200 دۆلاریان لێوەردەگرن، ئەمەش كەمتەرخەمی خۆیانە كە رازین بەپێدانی ئەو بڕە پارەیە، ئێمەش ناتوانین لێپێچینەوە لەگەڵ ئەو دایەنگانە بكەین''.

هاووڵاتییەك بە ناوی (ك.ف.ج) بە (رووداو)ی گوت "منداڵەكانی من و چەند كەسێكی دیكە حەبی خەویان پێدەدرێت، چونكە كاتێك دەیانبەینەوە ماڵ بەردەوام گێژن و خەواڵوون".

دیمەن محەممەد دەڵێت ''باوانی هەندێك لە منداڵان پەیوەندییان پێمانەوە كردووە كە حەبی خەو  تێكەڵاوی شیر كراوە و دراوەتە منداڵەكانیان، بەڵام ئەو شیرەمان بردووەتە تاقیگە و هیچ جۆرە ماددەیەكی تێدا نەبووە".

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی چاودێریی گشتی گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی، لەماوەی چوار ساڵی رابردوودا لیژنەكانی وەزارەتی كار 41 دایەنگەیان داخستووە، لەبەر پابەندنەبوونیان بە رێنمایی و مەرجەكانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، سەرباری ئەوانەش 10 دایەنگەش لەلایەن لیژنەی پارێزگاری هەولێرەوە مۆڵەتیان لێسەندراوەتەوە.

دیمەن محەممەد گوتی ''لەو 41 دایەنگەیەی داخراون هیچیان مۆڵەتیان پێنەدراوەتەوە"، لە گرنگترین ئەو هۆكارانەی كە ئەو دایەنگانەی پێداخراون، وەك دیمەن گوتی "پێدانی خواردنی ماوە بەسەرچوو بە منداڵان، وەرگرتنی پارەی زیاد، هەروەها كارمەندی تەواویان نەبووە و كارتی تەندروستییان نەبووە. هەڵسوكەوتی خراپیشیان لەگەڵ منداڵان كردووە''.

وەزارەتی كاروكاروباری كۆمەڵایەتی دوو جۆرە دایەنگەی هەیە حكومی و ئەهلی، هاوكات لیژنەی تایبەتیشیان هەیە بۆ دڵنیابوون لەشێوەی كاری ئەو دایەنگانە. لە سنووری پارێزگای هەولێر 44 دایەنگەی ئەهلی و 5 دایەنگەی حكومی هەن، هەروەها  5 دایەنگەش لەنێو نەخۆشخانەكاندا هەن.

بەپێی رێنماییە نوێیەكانی وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی، پێویستە لەمەودوا بینای دایەنگەكان گونجاو بێت، بەشێوەیەك بۆ هەر منداڵێك یەك مەتر دووجا تەرخان بكرێت، هەروەها پێویستە سەرجەم بەڕێوەبەرانی دایەنگەكان لە بڕوانامەی بەكالۆریۆس كەمتریان نەبێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە