دوو كەس "بەتۆمەتی كوشتنی" مێردمنداڵەكەی بەحركە دەستگیر كران

23-06-2016
راوچی حەسەن @Rawchihasan
نیشانەکردن یوسف کوشتن هەولێر
A+ A-

رووداو - هەولێر 

پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی لەبارەی "بکوژانی" یوسفی تەمەن 14 ساڵ بڵاوکردەوە و ئاشكرای كرد "دوو تاوانبار لەلایەن پۆلیس و ئاسایش بەتۆمەتی كوشتنی ئەو مێردمنداڵە دەستگیرکراون".

رۆژی پێنجشەممە 23-6-2016 پۆلیسی هەولێر راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بە چۆنێتی رووداوەكە كردووە و دەڵێت "دوای ئەوەی مێردمنداڵێک بەناوی (یوسف فاروق) لە کۆمەڵگەی بەحرکە لە شاری هەولێر رفێندرا، دواتر لەنزیک ماڵەکەی خۆیان لە کەلاوەیەکی تەواونەکراو بەشێوەیەکی نامرۆڤانە کوژراوە".

پۆلیسی هەولێر دەڵێت بۆ لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە "لیژنەیەک پێکهات لەنێوان بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی هەولێر و ئاسایشی هەولێر و رۆژی پێنجشەممە دوو تاوانبارەکە لەلایەن پۆلیس و ئاسایشەوە دەستگیرکران".

لەبەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە "تاوانباران دانیان نا بەتاوانەکەیان و پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆکراوەتەوە، دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاریدا بەبەندکردنیان بەپێی مادە 406 لەیاسای سزادانی عێراقی".

کاژێر 9:00-ی شەوی یەکشەممە 19-6-2016 مێرد منداڵێک بەناوی "یوسف فاروق" لە ماڵ دەچێتە دەرەوە و کەسوکارەکەی دوای 18 کاژێر لەونبوونی بە کوژراوی لەنێو خانوویەکدا لە کۆمەڵگەی بەحرکە دەیدۆزنەوە.

یوسف فاروق محەممەد دانیشتووی کۆمەڵگەی بەحرکە لە پارێزگای هەولێر، تەمەنی 14 ساڵە و خوێندکار بووە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە