رووداو- هەولێر
میلیشیایەكی شیعە هەڕەشە لە كورد دەكات ئەگەر هەوڵبدات كەركووك بگەڕێنێتەوە سەر هەرێمی كوردستان و دەڵێ مووشەكەكانمان دەگەنە هەولێر. لە وەڵامیشدا وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێ، هەموو ئامادەکارییەكیان هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و ستراتیژی تایبەتیشیان هەیە بۆ ئەو مەبەستە.
میلیشیای نەجبای ئیسلامی كە گرووپێكی شیعەی تووندڕەون و لەدوای شەڕی سووریا دروستبوون هەڕەشە لە كورد دەكات، ئەبوو وارس موسەوی كە خۆی وەك گوتەبێژی ئەو گرووپە ناساندووە، شەوی رابردوو لەسەر شاشەی كەناڵی ئەنوار دوو (كەناڵێكی شیعەیە) هەڕەشەی لە كورد کرد و گوتی"ئەگەر كورد و بارزانی بیر لە گەڕانەوەی كەركووك بكەنەوە بۆ كوردستان یان زیان بە سوپای عێراق بگەیەنن، ئەوا ئەو دەستانە دەبڕن و "خاوەنی موشكێكن كە دەگاتە ناوەندی هەولێر".
لە بەرامبەردا فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت "ئێمە گوێ نادەیەنە ئەو هەڕەشانە و حکومەتی هەرێمی کوردستان ستراتیژی تایبەتی خۆی هەیە بۆ پاراستنی هەرێمی کوردستان."
بە گوتەی جەبار یاوەر كە هاوكات گوتەبێژی فەرمیی فەرماندەیی گشتیی هێزەكانی پاراستنی هەرێمی كوردستانە، کوردستان هەموو ئامادەکارییەکی کردووە بۆ رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەلومەرجی ئێستای عێراق و دەشڵێت "لەم قۆناخەی عێراقدا خەڵکانێکی جۆراوجۆر هەن بە ئارەزووی خۆیان لێدوان دەدەن و هەڕەشە دەکەن و لێکدانەوە بۆ هەلومەرجەکان دەکەن".
جەبار یاوەر دڵنیایی دەداتە خەڵکی هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنیان لە هەر حاڵەتێکی نەخوازراو و دەڵێت "هەموو ئامادەکارییمان هەیە بۆ ئەو هەلومەرجەی کە هەیە کە چۆن هەرێمی کوردستان بپارێزین بە شێوەیەکی باش کە هیچ زیانێک بە خەڵکی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان نەگات ".
جەبار یاوەر دەشڵێت "جگە لەوەش ئێمە بە شێوازێکی وەها مامەڵە لەگەڵ ئەو هەواڵانەدا دەکەین بە پێی هەلومەرجەکە و بەپێی ئەو هەڵچوونە دەروونییەی کە زۆرجار هەیە لای هەندێک لایەن کە بەبێ ئیعتیبار بۆ هیچ ئەتەکێتێکی قسەکردن و لێدواندان بۆ خۆیان گوتار دەدەن."



