رووداو- پاریس
نیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23.5.2014، سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە كۆشكی ئێلیزێ لە پاریس و لەگەڵ فرانسوا هۆلاند، سەرۆك كۆماری فەرەنسا كۆببێتەوە.
پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و فەرەنسا، كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدا و پرسی سووریا لە تەوەرە چاوەڕوانكراوەكانی دیداری نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فرانسوا هۆڵاند، سەرۆک کۆماری فەرەنسا دەبێت.
لەوەتەی هاتنە سەركاری فرانسوا هۆلاند لەساڵی 2012، ئەوە دووەمین سەردانی فەرمی مەسعود بارزانی بۆ كۆشكی ئیلیزێ-یە. هۆلاند لە 2013/6/29 لەو كۆشكە جەختی لەسەر دۆستایەتی كورد و فەرەنسا كردبووەوە.
لە ساڵی 2010، سەرۆكی پێشووی فەرەنسا، نیكۆلا ساركۆزی لە كۆشكی ئێلیزێ، پێشوازیی لە سەرۆكی هەرێمی كوردستان كردبوو.
مەسعود بارزانی رۆژی چوارشەممە 21/5/2014، بە یاوەریی شاندێكی حكومی بە سەردانێك بەرەو ئەوروپا بەڕێكەوت.
بڕیارە دوای كۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆك كۆمار و بەرپرسانی باڵای فەرەنسا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەردانی هەریەك لە ڤاتیكان و ئیتالیا بكات و لەگەڵ پاپای ڤاتیكان و گەورە بەرپرسانی ئیتالیا كۆببێتەوە.
هەریەك لە د. فوئاد حوسێن، سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان، فەلاح مستەفا، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەروەی حکومەتی هەرێمی كوردستان، كامەران ئەحمەد، وەزیری ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون و مەسرور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان لەو سەردانەدا یاوەری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەكەن.



