دوای دوو رۆژ لە هێرشی ژمارەیەك چەكداری داعش لە چەند گەڕەكێكی ئەو شارە، دۆخی شارەكە ئارامبووەتەوە.
رۆژی هەینی 20-10-2016 دەیان چەكداری داعش دەستیان گرت بەسەر چەند باڵەخانەیەك لەنێو شاری كەركووك و لە سێ هۆتێل و چەند گەڕەكێك شەڕیان دژی هێزە ئەمنییەكان و خەڵك راگەیاند.
بەگوتەی هێزە ئەمنییەكان لانی كەم 10 لەو چەكدارانەی داعش خۆیان تەقاندووەتەوە و 48 چەكداری دیكەش لەنێو كەركووك كوژراون، لە شارۆچكەی دوبزیش چوار چەكداری داعش كوژران. لە لەیلانیش 13 چەكداری داعش كوژراون.
بەهۆی هێرشەكانی داعش ژمارەیەك پێشمەرگە، هێزە ئەمنییەكان و خەڵكی خۆبەخش و هاونیشتمانی شەهید و برینداربوون.
پۆلیسی كەركووك: 48 چەكداری داعش كوژراون
رووداو وێنەی ئەو ئۆتۆمبێلانە بڵاودەكاتەوە، كە چەکدارانی داعش بە هۆیانەوە دزەیان کردووەتە نێو شەقام و ئامانجە سەرەکییەکانیان لەنێو شاری کەرکوک.
ئۆتۆمبێلەکان پڕ کرابوون لە چەک و تەقەمەنی جۆراوجۆر. ژمارەیەك چەكداری داعش لە گەڕەکێکی زیادەڕۆیی لەنێوان عروبە و نەسر، كەوتوونەتە بۆسەی هێزە ئەمنییەکانەوە، دوو چەکداریان کوژراون و ئەوانی دیکە هەڵهاتوون.
عوبێد کەریم، بەڕێوەبەری بنکەی ئاسایشی عروبە دەڵێت "زۆر سوپاس هاووڵاتیان دەکەین، ئێمە زانیاریمان لە ئەوانەوە پێگەیشت. ئەو چەكدارانە بە سێ ئۆتۆمبێل بەناو گەڕەک سووڕاونەتەوە و گوتویان "ئەڵاهو ئەکبەر". لە چەند شوێنێکیش بازگەیان دانابوو، وەك گەڕەکی حوجاج".
پەیامنێری رووداو چوونە ئەو نێو ئەو خانووە تەواونەکراوانەی، كە چەكدارانی داعش تێیدا شەڕیان دژی هێزە ئەمنییەكان كردووە و دواتر هەر چوار چەكدارەكە كوژراون.
عەمید سمکۆ مەحموود، گوتەبێژی ئاسایشی کەرکووک بۆ رووداو دەڵێت "داعشەکانی دیکە رایانکرد بەڵام سیان- چوارێکیان هاتنە ئێرە، بیناکە گەمارۆدرا و دوای شەڕێکی سەخت و دەستەویەخە توانرا بە هەموو چەکێک لێیان بدرێت و کۆنترۆڵکرا".
چەکدارانی داعش لە کامێراکانی ماڵان لە کەرکووک دەردەکەون
چەکدارەکانی داعش هێرشەکانیان لە هەشت شوێنی جیاوازی كەركووك ئەنجامدا؛ پێنج دامودەزگای ئەمنییان کردە ئامانج. لەئەنجامی پێکدادانەکانیش بەگوتەی عەمید خەتاب عومەر، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکوک، 48 چەکداری داعشییان کوشتووە.
داعش "بەشی خوێندنی كوردی" لە پەروەردەی كەركووك كردە ئامانج
چەکدارەكانی داعش لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکووک بەشی خوێندنی کوردییان سووتاندووە و ئاگریان لە ژوورەکان و فایلەکان بەرداوە.
جگە لە شەهیدكردنی دوو پاسەوانی نێو باڵەخانەی بەشی كوردی پەروەردەی كەركووك، چەكدارەكانی داعش باڵەخانەكەیان سووتاندووە.
گومان دەکرێت چەكدارانی داعش بۆ چوونە بەشی كوردی پەروەردەی كەركووك چاوساخیان لەگەڵدا بووبێت، بۆ ئەوەی بە دیاریکراوی بەشی خوێندنی کوردی وێرانبکرێت و نەمێنێت.
لە راگەیێندراوێکدا بەشی خویندنی کوردی لە كەركووك جەختدەکاتەوە، بە هاوکاری مامۆستایان هەوڵەکانیان چڕدەکەنەوە بۆ دژایەتی ئەو لایەنانە و پشتگیری خوێندنی کوردی.
زیانی شەڕەكەی كەركووك بە سێ ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت
جگه له زیانه گیانییهكان، داعش له ماوهی هێرشەكانی دوو رۆژی رابردوویدا زیانێكی زۆری به باڵەخانە، ئۆتۆمبێل تهنانهت مزگهوت و قوتابخانهكانیش گهیاند.
له ماوهی ئهو دوو رۆژهدا 42 ئۆتۆمبێلی هێزه ئهمنییهكان و 11 ئۆتۆمبێلی هاونیشتمانیان سووتاون. بهپێی خهمڵاندنی پۆلیس بێت، زیانهكان سێ ملیۆن دۆلاری تێپهڕاندووه.
رۆژی هەینی 20-10-2016 دەیان چەكداری داعش دزەیان كردە كەركووك و چوونە چەند شوێنێك، بەهۆی لەنێوبردنیان، خانووی خەڵک و ئەو هۆتێلانەی چەكدارانی داعش چووبوونە ناویان هەموو وێرانبوون. سێ هۆتێل، حەوت باڵەخانەی حکومی و زیاتر لە 50 دوکان زیانی ماددی گەورەیان بەركەوتووە.
ئیدارەی کەرکووک لیژنەیەکی بۆ خەملاندنی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەیان پێکهێناوە.



