رووداو – هەولێر
چەند رۆژێك لەمەوبەر دوو پێشمەرگە بە هەڵە چوونە سنووری داعش لە ناوچەی سەعدیە و دەستبەسەركران، ئێستاش داعش وێنەیەكی لە تویتەر بڵاوكردووەتەوە، كە گوایە ئەو دوو پێشمەرگە لەلایەن ئەوانەوە سەربڕاون، بەڵام وەزارەتی پێشمەرگە رەتیدەكاتەوە.
عەمید هەڵگورد حیكمەت، بەڕێوەبەری راگەیاندنی رۆشنبیری و هۆشیاری وەزارەتی پێشمەرگە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "ئەو وێنانە، كۆنن و بەپێی لێكۆڵینەوەی ئێمە پێمانوایە زیاتر لە 10 رۆژە بڵاوكراونەتەوە و شتێكی نوێ نییە، بۆ ئێمەش دیار نییە ئەو كەسانە كێن كە دەكوژرێن".
عەمید هەڵگورد گوتی "لەرێگای كەسەیاتییەكان و خەڵكی عەشایرەوە خەریكی گفتوگۆین بۆ ئازادكردنی ئەو پێشمەرگانەی كە بەهەڵە چوونەتە لای داعش و ئێستا دەستبەسەر كراون، ئێمەش دیلی ئەوانمان لایە و هەوڵدەدەین بیانگۆڕینەوە".
لە وێنەكەدا ئەفسەرێك بە پلەی نەقیب دەردەكەوێت، یەكێكیش لەو پێشمەرگانەی بەهەڵە چوونە نێو سنووری داعش هەمان پلەی هەیە. سەرچاوەیەكی نزیك لەو نەقیبە كە ناوی عیرفان-ە، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "لەو كاتەی عیرفان دەستگیركراوە یەكجار پەیوەندی تەلەفۆنیمان لەگەڵی هەبووە".
بەگوتەی ئەو سەرچاوەیە تاوەكو رۆژی 20-6 زانیارییان هەبووە كە ماون، بەڵام دەڵێ "ئەوە چەند رۆژێكە هیچ هەواڵێكیان نییە".

ئەمە ئەو وێنەیە كە ویلایەتی دیالەی داعش بڵاویكردووەتەوە، بەڵام رووداو نەیتوانی لە هیچ سەرچاوەیەكەوە راستیی وێنەكە پشتڕاست بكاتەوە.



