نێچیرڤان بارزانی نامەیەك بۆ سکرتێری گشتی یوئێن دەنێرێ‌

20-05-2019
مەجید نیزامەدین گلی
مەجید نیزامەدین گلی @MajeedGly
 نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی یوئێن لە بەغداوە بگوازرێتەوە هەولێر
نێچیرڤان بارزانی داوا دەكات بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی یوئێن لە بەغداوە بگوازرێتەوە هەولێر
نیشانەکردن نێچیرڤان بارزانی
A+ A-

رووداو - نیویۆرك 

لە نامەیەكدا بۆ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێنج خاڵی سەرەكی پێشنیاز دەكات دەربارەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كە بە "یۆنامی" ناسراوە.

نامەكە كە كۆپییەكەی دەست (رووداو) كەوتووە، پێش سێ‌ هەفتە دێت لە دەنگدانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەسەر پرۆژە بڕیارێك بۆ درێژكردنەوەی وادەی كاری یۆنامی لە عێراق بۆ یەك ساڵی دیكە.  

ئەم نامەیە لە كاتێكدایە كە حكومەتی عێراق خەریكی ئامادەكردنی پلانێكە بۆ كەمكردنەوەی بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق.

یەكەمین داواكاری بارزانی بۆ ئەنتۆنیۆ گوتێرێش دەربارەی كەركووك و ناوچە ناكۆكی لەسەرەكانە. بارزانی لە نامەكەدا دەڵێت نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی یوئێن لە عێراق دەتوانێت "رۆڵێكی سەرەكی بگێڕێت" وەكو ناوبژیكار و دەستپێكردنی "دایەلۆگێكی چڕ" لە نێوان هەولێر و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، لەوانەش: "جێبەجێكردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق". 

ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی هەموو ساڵێك بە پرۆژە بڕیارێك وادەی كاری بەرنامەی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق درێژ دەكاتەوە و ئەرك و كارە لەپێشینەكانی دیاری دەكات. لە ساڵانی رابردوودا بەهۆی ناڕەزایی بەغدا، بابەتی كەركووك و ماددەی 140 نەكراوەتە ئەولەویەتی یۆنامی لە عێراق. 

ساڵی رابردوو لە نامەیەكی هاوشێوەدا بۆ سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای كردبوو لە پرۆژە بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایشدا فراوانكردنی رۆڵی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ چارەسەركردنی كێشەی كەركووك و ناوچە دابڕاوەكانی تێدا بێت و یۆنامی ئەو رۆڵە سەرەكییەی هەبێت. سەرەڕای پشتگیریی ئەمریكا بۆ ئەو داواكارییە، بەڵام بەریتانیا كە بەرپرسیاری سەرەكی فایلی عێراقە لە ئەنجوومەنی ئاسایش، ئەو داواكارییەی هەولێری پشتگوێخست.  

بەگوێرەی سەرچاوەیەكی دیپلۆماسی، رەشنووسی پڕۆژە بڕیاری ئەمساڵیش دەربارەی یۆنامی كە چاوەڕوان دەكرێت لە رۆژی 31ی ئایار دەنگی لەسەر بدرێت، ئەو خاڵەی تێدا نییە. تاوەكو ئێستاش وڵاتانی ئەندام لە ئەنجوومەنەكە وەڵامی فەرمی نامەكەی نێچیرڤان بارزانییان نەداوەتەوە. 

پێشنیازی بارزانی دەربارەی رەوشی مرۆیی لە كوردستان 

لە خاڵێكی دیكەی نامەكەدا، بارزانی داوای بەرزكردنەوەی ئاستی نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان دەكات لە هەرێمی كوردستان كە لانیكەم بەرپرسێكی نەتەوەیەكگرتووەكان دابنرێت لە هەولێر لە ئاستی جێگری نێردەی سكرتێری گشتی بێت. هەروەها داوا دەكات كەسێك وەكو بەرپرسی كاروباری مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان دیاری بكرێت، چونكە ئەو پۆستە لە ساڵی 2015 وە بە بەتاڵی ماوەتەوە. داواش دەكات بنكەی سەرەكی بەرنامەی مرۆیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە بەغداوە بگوازرێتەوە هەولێر چونكە "90%ی ئاوارەكانی سووریا لە عێراق و 60%ی هەموو ئاوارەكانی عێراق لە هەرێمی كوردستانن". 

ئامارەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئەو ئامارانەی نێو نامەكەی بارزانی پشتڕاست دەكەنەوە، بەڵام لە راپۆرتە مرۆییەكانیاندا دەربارەی عێراق كەمجار ئاماری تایبەت دەربارەی هەرێمی كوردستان بڵاودەكرێتەوە. نوێنەرایەتی عێراقیش لە نەتەوەیەكگرتووەكان لە هیچ كۆبوونەوە و كۆنفرانسێكی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێناكات. لە كاتێكدا، ئەو ئاماژەپێكردنە گرنگە بۆ شێوازی دابەشكردنی كۆمەكی نێودەوڵەتی لە عێراق. بودجەی "پلانی مرۆیی" نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ ئەمساڵ 701 ملیۆن دۆلارە كە بۆ یارمەتیدانی 1.7 ملیۆن ئاوارە یان تازە گەڕاوەیە. لەسەرەتای شەڕی داعشەوە هەرێمی كوردستان نزیكەی یەك ملیۆن ئاوارەی عێراقی لە خۆ گرتووە و هێشتا بە گوێرەی دوا راپۆرتی نەتەوەیەكگرتووەكان 800 هەزاریان لە كوردستان ماون.

"دانپێدانان"ی یوئێن بە فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان

لە خاڵێكی دیكەدا سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوا دەكات "فیدراڵیزمی هەرێمی كوردستان" لە راپۆرتەكانی نەتەوەیەكگرتووەكاندا ئاماژەی پێبكرێت و "دانی پێدا بنرێت".

 نەتەوەیەكگرتووەكان ژمارەیەك راپۆرتی دەوریی جیاواز دەربارەی عێراق ئامادە دەكات كە دیارترینیان راپۆرتی سكرتێری گشتییە و سێ مانگ جارێك بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنێردرێت. لە دوا راپۆرتی سكرتێری گشتیدا كە كۆپییەكی بۆ (رووداو) نێردراوە، 33 جار ناوی "حكومەتی هەرێمی كوردستان" هاتووە، 12 جاریش وشەی فیدراڵی بۆ وەسفكردنی دامودەزگاكانی حكومەتی عێراق بەكارهاتووە. 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە