رووداوـ رۆژئاوای کوردستان
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی ئەلپارتی رایدەگەیەنێت، پارتی یەکێتی دیموکراتی PYD، 74 ئەندامی دەستگیركردوون. ئەوەش دەخاتەڕوو "هەرکەسێک لە باشووری كوردستانەوە سەردانیان بكات، PYD دەستگیری دەکات".
تۆڕی وڵات نێت، بڵاویکردەوە هێزەکانی ئاسایشی سەر بە بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتی، نزیکەی 22 ئەندامی سەر بە حیزبی دیموکراتی کوردی ـ ئەلپارتی دەسگیرکردووە و لە گرتووخانەی (دیرک) زیندانی كراون.
محەممەد ئیسماعیل، ئەندامی مەکتەبی سیاسی حیزبی ئەلپارتی، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی وڵات نێت، گوتی: "هەرکەسێک لە باشووری كوردستانەوە بێت، PYD دەستگیری دەکات".
"هەرکەسێک لە باشووری كوردستانەوە بێت پەیەدە دەستگیری دەکات"
ئاشكرایكرد: "نزیکەی 74 هەڤاڵی حیزبمان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون".
ئەندامەكەی مەكتەبی سیاسی ئەلپارتی ئاماژەی بەوەشكرد "دەستگیرکردنی ئەو گەنجانە رووداوێکی زۆر ترسناکە، هەرکەسێک لە باشووری كوردستانەوە هات بەتایبەتی، کە زانییان هەڤاڵێکی سەر بە پارتی خۆمانە، دەستگیردەکرێ".
محەممەد ئیسماعیل گوتیشی: "تەنها لە کۆبانی نزیکەی 47 ، لە عەفرین 24 و لە گیرکێ لەگێ 3 هەڤاڵمان دەستگیرکراون".
بە گوتەی ناوبراو، ئەلپارتی داوای کۆبونەوەیەکی بەپەلەی ئەنجوومەنی نیشتیمانی کوردیی کردووە، بۆ تاووتوێکردنی ئەو بابەتە، "بەڵکو بتوانین لەگەڵ ئەنجوومەنی رۆژئاوای کوردستان کارێک بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ ئەو بارودۆخە ترسناکە".
محەممەد ئیسماعیل جەخت دەكاتەوە، كە ئەوەی ئێستا روودەدات جێگای قبوڵکردنی ئەوان نییە و بە بابەتێكی "ترسناك" ناوی دەبات و دەڵێ "دەستگیرکراوانمان لە کۆبانی هاوڵاتی ئاسایین و سیاسی نین، ئەگەر دۆخەکە بەو شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوە لەدەست هەموومان دەردەچێت، چونکە ئێمە لە کاردانەوەی خەڵکی کۆبانی دەترسین، ئەگەر دۆخەکەش لەدەست دەرچوو، ئەوە PYD تاوانبار دەکەین".
"نزیکەی 74 هەڤاڵی حیزبمان لەلایەن ئاسایشەوە دەستگیرکراون"

سەبارەت بەدەسگیرکردنی 22 ئەندامەكەی ئەلپارتی لەنزیک سنووری هەرێمی کوردستان، محەممەد ئیسماعیل گوتی "هەڤاڵەکانمان لەسەر رێگای دیرک دەستگیرکراون، 24 هەڤاڵیشمان لە عەفرین لە خاڵەکانی پشکنینی سەر رێگای قامیشلۆ دەسگیرکراون".
لەبارەی کێشەکانی ئەم دواییەی نێوان حیزبی ئەلپارتی و PYD، ئیسماعیل محەممەد، PYD بە گەورەکردنی ئەو کێشانە تاوانبار دەکات و دەڵێت: "هەستیارییەک لەنێوانماندا هەیە، بەڵام ئێمە ئەوەمان نەورووژاندووە، ئێمە دەستی هاوکاری و برایەتی درێژدەکەین. ئەو کێشانەی روودەدەن لەلای ئەوانەوەیە. هەرکەسێک پەیوەندی بەکوردستانەوە بکات، ئەوە PYD لێی رازی نابێ، بەتایبەتیش یەکێتی سیاسی".
و:سەمیع زوبێر


