لە کۆیە 17 بارەگای حیزبی و حکومی سووتێنراون

19-12-2017
نەبەرد حوسێن
قایمقامی کۆیە: دەبێت گێرەشێوێنان رووبەڕووی سزا بکرێنەوە
قایمقامی کۆیە: دەبێت گێرەشێوێنان رووبەڕووی سزا بکرێنەوە
نیشانەکردن کۆیە
A+ A-

رووداو - کۆیە 

لە خۆپیشاندانەکانی رۆژی سێشەممەی قەزای کۆیە 17 بارەگای حیزبی و حکومی سووتێنراون، قایمقامی کۆیەش دەڵێت "هەموو هەنگاوەکانمان بۆ ئەوەیە بارودۆخەکە کۆنترۆڵبکەین، ئەوانەیشی هەوڵی گێرەشێوێنی دەدەن دەبێت لەڕێگەی یاساوە رووبەڕووی سزا بکرێنەوە".


خۆپیشاندانەکەی کۆیە هەر زوو گرژی و ئاڵۆزی تێکەوت، بەشێک لە خۆپیشاندەران ناڕەزایی و تووڕەی خۆیان بە سووتاندنی زیاتر لە 17 بارەگای حیزبی و حکومی لە سنووری کۆیە دەرکرد.

خۆپیشاندەران بە سووتاندنی باڵەخانەی قایمقامییەتی قەزاکە دەستیانپێکرد، دواتریش بارەگا حیزبییەکانی کۆیە، خۆپیشاندەران چووبێتنە پێش هەر بارەگایەکی حیزبی دەستاین لێ نەپاراستووە و یان دەیسووتێنن یان بەردبارانی دەکەن.

بەهۆی بەردهاویشتن و تەقەکردن لەخۆپیشاندانەکەی کۆیە 17 کەس برینداربوون.

جگەلە مەڵبەندی یەکێتی لە کۆیە بەهۆی رێگری هێزەکانی ئاسایشەوە نەتوانرا بووستێنرێت، باڵەخانەی قایمقامییەت و بارەگاکانی گۆڕان، یەکگرتوو و پارتی سووتێنران.

لە شارۆچکەی تەقتەقیش باڵەخانەی دادگا، تاپۆ، شارەوانی، بنکەی پۆلیس، فەرمانگەی کارەبا، پۆستە و گەیاندن، سەنتەری گەنجان، بارەگای پارتی، یەکێتی و گۆڕان سووتێنران.

سەرکەوت رەسول، قایمقامی کۆیە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند " ئێمە هەموو هەوڵێکمان بۆئەوەیە کە خۆپیشاندانەکان کۆنترۆڵبکەین و چارەسەری دۆخەکە بکەین، دەمانەوێت خۆپیشاندەران و گێرەشێوێنانیش لەیەکدی جیابکەینەوە، ئەوانەیشی هەوڵی گێرەشێوێنی دەدەن دەبێت لەڕێگەی یاساوە رووبەڕووی سزا بکرێنەوە".

هێزێکی زۆری پۆلیس و ئاسایش بۆ هێورکردنەوەی دۆخی کۆیە لەو قەزایەن، هەرچەندە بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا، بەڵام توڕەیی بەشێکیان هێشتا دانەمرکاوەتەوە، بەرپرسانی کۆیە دەڵێن، رەنگە خۆپیشاندانی خەڵک رۆژانی داهاتووش بەردەوامبێت.

داڕشتنەوە؛ راوچی حەسەن 


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە