رووداو - سۆران
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەبارەی گشتپرسی دەرفەتێک بە بەغدا دەدات و دەڵێت: "ئەگەر تاوەکو دوو بۆ سێ رۆژی دیکە بەدیل و رێککەوتنی نووسراو لەنێوان هەولێر و بەغدا نەبێت و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گەرەنتی جێبەجێکردنی بکات، ئەوا دوای دەخەین و 25 ی مانگ ئاهەنگ دەگێڕین، ئەگەر بەدیلیش نەبێت ئەوا گشتپرسی خۆمان دەکەین".
ئێوارەی رۆژی سێشەممە 19-9-2017 لە قەزای سۆران، بە بەشداری هەزاران کەس کەرنەڤاڵێکی گەوەرە بۆ پشتیوانی لە گشتپرسی و سەربەخۆیی بەڕێوەچوو و تێیدا مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گوتارێکی پێشکەشکرد. لە گوتارەکەیدا بارزانی فەرمانێکی دەرکرد و داوای لە خەڵک کرد وێنەی سەرکردە و ئاڵای هەموو حیزبەکان بە پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە دابگرن و تەنیا ئاڵای کوردستان و شەهید و ئەنفالکراوان بەرزبکەنەوە. گوتیشی: "ئەنجامدانی گشتپرسی هی خەڵکی کوردستانە نەک حیزب".
بارزانی لەبارەی گشتپرسی گوتی: "گشتپرسی کۆتایی دونیا نییە، دەرفەتێکە بۆ گەلی کوردستان رەخساوە بۆئەوەی گوزارشت لە بڕیاری خۆی بکات، دوای ئەوە دەکەوینە گفتوگۆ، چ وەختێک پێویستە ئێمە ئەو وەختەش دەدەین و هەموو گرفتەکان چارەسەر دەکەین. شەراکەت شکستیهێنا، دراوسێیەتییەکی دۆستانە و برایانە لەگەڵ بەغدا دادەمەزرێنین و پەیوەندی ئایندەمان دادەڕێژین، ئێمە عومقی ئەوان دەبین، ئەوان عومقی ئێمە دەبن، لە هەموو هاوکارییەک لەگەڵ یەک بەردەوام دەبین، بەڵام ئینکاریکردن لە مافی میللەتی ئێمە قبوڵ ناکرێت".
لەبارەی ئەگەری دواخستنی گشتپرسی و ئەو بەدیلەی بڕیارە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنازی بکات، بارزانی رایگەیاند: "کێشەمان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی نییە، کێشەمان لەگەڵ بەغدایە و پێویستە بگەینە چارەسەر، ئەویش بە رێککەوتنێکی دووقۆڵی دەکرێت، ئەگەر رێککەوتنەکە بەشێوەیەک کرا جێگەی گشتپرسی بگرێتەوە، دواتر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی (ئەمریکا، ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان) پشتیوانی لەو رێککەوتنە بکەن و گەرەنتی بدەن کە جێبەجێ دەکرێت، جێگەی گشتپرسی دەگرێتەوە، باڵام راستگۆیانە پێتان دەڵێم تائێستا بەغدا تا ئەم حەدە نەهاتووەتە پێش، ئەگەر تا دوو بۆ سێ رۆژی دیکەش ئەو بەدیلەمان بەدەستگەیشت، رۆژی 25-9 ئاهەنگ دەگێڕین، ئەگەر ئەو بەدیلەشمان بەدەست نەگەیشت، گشتپرسی خۆمان دەکەین، هەرچەندە گشتپرسیتان کرد".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە گوتارەکەیدا وەڵامی هەڕەشەکانی ئێران و تورکیای دایەوە و گوتی: "دۆستانە داوا لە دراوسێکانمان دەکەم بە زمانی هەڕەشە قسەمان لەگەڵ نەکەن، چونکە زمانی هەڕەشە قبوڵ ناکەین، نابینە هەڕەشەش بۆ سەر هیچ کەسێک". ئاماژەی بەوەش کرد کە گۆڕانکاری بەسەر هەڵوێستی وڵاتاندا هاتووە و ئێستا بە زمانێکی فەرمی لەبارەی گشتپرسی و مافی کورد قسە دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ