رووداو- هەولێر
فەرماندەی میحوەری چواری کەرکووکی هێزی پێشمەرگە لە مەکتەب خالید كە دەكەوێتە باشووری کەرکووک، کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانی ئەنجامدا و تێیدا وەڵامی قسەکانی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دایەوە، لەبارەی بوونی گەریلا لە کەرکووک و بەرەكانی دیكەی شەڕ و ناوهێنانیان وەک "تیرۆریست".
وەستارەسوڵ، فەرماندەی میحوەری چواری کەرکووکی هێزی پێشمەرگە كە هاوكات ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتییە، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند "تەواوی ئەو راپۆرت و قسانە رەتدەکەینەوە کە ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی بەرەی تورکمانی لەبارەی گەریلا بڵاویكردوونەتەوە و دەڵێ پەکەکە تیرۆیستە، بەچاوی رێزیشەوە سەیری رەسەنایەتی گەریلاکانی پەکەکە دەکەین".
فەرماندەی میحوەری چواری کەرکووکی پێشمەرگە گوتیشی "سەرۆکی بەرەی تورکمانی ئاماژەی بەوەکردووە خورماتوو و داقووق و دووز لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراون، ئەمە هەڵەیە، چونكە تەنیا 50 گەریلای پەکەکە لە کەرکووک هەن، ئەویش لەکاتی شەڕدا لەسەر داواكای نەجمەددین كەریم، پارێزگاری کەرکووک هاتوون و ئەوكات داوای لە سەرکردایەتی پەکەکە لە قەندیل كرد بۆ ئەوەی ژمارەیەک گەریلا بنێرن و هاوكاری پێشمەرگە بكەن، ئەوانیش 100 گەریلایان نارد".
لەبارەی قسەکانی ئەرشەد ساڵحی، وەستا رەسوڵ ئاماژەی بەوەش کرد، ئێمە لەکاتی شەڕە قوڕسەکاندا یەکێک لە میحوەرەکانی شەڕمان بە گەریلاكان سپاردبوو، خەڵکی کەرکووک رێز لە قوربانی گەریلاکان دەگرێت و گەریلاکان شایەنی سوپاسن نەک ئەوەی بەناوی دیکە تۆمەتباریان بکەن، ئەوان تاوەكو ئێستا دوو شەهید و هەشت برینداریان داوە.
وەستا رەسوڵ بە جەختكردنەوە زیاتر گوتی "پێشمەرگە هێزی پاراستنی خەڵکی کەرکووك و ئایین و نەتەوەکانی کەرکووکە بەبێ جیاوازی، بەڵام ئەرشەد ساڵحی نەدەبوو قسەی وا لەبارەی گەریلا بکات، لەکاتێکدا ئەو تەنیا یەکجاریش سەردانی بەرەکانی شەڕ و پێشمەرگەی نەکردووە، ئەرشەد لەکانی تورکیا ئاو دەخواتەوە و لە بەرژەوەندی ئەوان قسە دەکات، بۆیە داوا لە حیزبە سیاسییەکان دەکەم لەسەر قسەکانی ئەرشەد ساڵحی بێنە وەڵام، ئەگەرنا هێزەکانی پێشمەرگە دەزانن چۆن وەڵامی ئەرشەد بدەنەوە".



