رووداو-هەولێر
بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان رایدەگەیەنێت، نەوشیروان مستەفا ئەندامی ئەو شاندە بووە كە لە بەغدا دەستووریان داناو دەڵێ "خۆی ئەندازیاری ماددەی 140 بوو".
ئەم لێدوانەی خەسرەو گۆران لەكاتێكدایە، كە نەوشیروان مستەفا، رێكخەری گشتیی بزووتنەوەی گۆڕان، سەركردایەتی كوردی بە رێگەگرتن لە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكانی ژێر مادەی 140 بۆ سەر هەرێمی كوردستان تۆمەتبار كرد.

"ناردنی هێزی پێشمەرگە وپاراستنی ئەو ناوچانە سەلمێنەری گرنگیپێدانی پارتییە بە ناوچە دابڕاوەكان

"ناردنی هێزی پێشمەرگە وپاراستنی ئەو ناوچانە سەلمێنەری گرنگیپێدانی پارتییە بە ناوچە دابڕاوەكان

رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت: "سەركردایەتی سیاسیی كورد نەیویست ئەو ناوچانە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی كوردستان، ئەویش لەبەر بەرژەوەندی سیاسیی حیزبی و لەبەر بەرژەوەندی كەسی".
گوتی: "یەكێكیان نەیویست، چونكە بە گەڕانەوەی ئەو ناوچانە نوێنەرانی ناوچە دابڕاوەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئەو هاوسەنگیەی لەنێوان یەكێتی و پارتی هەبو دەیگۆڕی، بەشێوەیەك كە رەنگ بو دەسەڵاتی پارتی زۆر لاواز بكات". گوتیشی: "ئەوی تریش نەیویست، بۆئەوەی دڵی عەرەب و توركمان، دڵی توركیا و ئێران لەخۆی رازیبكات و ببێت بە سەرۆك كۆماری عێراق. واتە یەكێك لە پێناو سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و ئەوی تر لەبەر سەرۆكایەتی كۆماری عێراق چارەنوسی ناوچە دابڕاوەكانیان خستە ئەو واقعەی ئێستا".
خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستان، بە (رووداو)ی راگەیاند: "ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، پارتی لە ئەولەویاتی خۆی داناوە و ئەمەشی بە كردەوە سەلماندووە".
"ناردنی هێزی پێشمەرگە وپاراستنی ئەو ناوچانە سەلمێنەری گرنگیپێدانی پارتییە بە ناوچە دابڕاواكان"، خەسرەو گۆران وای گوت.
سەبارەت بە لێدوانەكانی نەوشیروان مستەفا، كە سەركردایەتی كوردی بە هۆكاری نەگەڕانەوەی ناوچە دابڕێنراوەكان لەقەڵەم دا، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی گوتی: "نەوشیروان مستەفا خۆی ئەندازیاری ماددەی 140 بوو، ئەندامی ئەو شاندە بوو كە لە بەغدا دەستووریان دانا".
كەمیی دەنگی پارتی لە كەركوك مانای ئەوە نییە پشتگوێی بخەین

گوتیشی: "ئەو ناوچانە لەڕووی ئیداری و ئەمنییەوە بەدەست كوردەوەیە و حكومەتی عێراقیش باش لەوە تێدەگات، لەبەر ئەوەی ئێمە پێمانوایە ئەو ناوچانە گەڕاونەتەوە سەر هەرێمی كوردستان، بەڵام لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە ماوە بگەڕێتەوە".
خەسرەو گۆران ئاماژەی بەوەكرد "ئەو راستییە هەیە، كە هەر لایەنێك لە شارێك دەنگی زیاتر بێنێت، گرینگی زیاتر بەو شارە دەدات، نایشارمەوە پارتی دیموكراتی كوردستان لە كەركووك 20% دەنگەكان بەدەست دەهێنێت، 80% دەنگەكان بۆ لایەنەكانی دیكە دەچن، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە كە پارتی كەركووكی پشتگوێ خستووە".




