عەرەبی هاوردە رێگەنادەن جووتیارانی کورد لە سەرگەڕان دروێنە بکەن

19-05-2019
نەهرۆ محەممەد
نیشانەکردن سەرگەڕان
A+ A-

رووداو- هەولێر 

عەرەبە هاوردەکان جارێکی دیکە چوونەتە سەر گوندە کوردنیشنەکانی سنووری شارۆچکەی سەرگەڕانی سەر بە دوبز و دروێنەکردنیان لە سنوورەکەدا راگرتووە. 

بەدرەدین شەمسەدین، ئەندامی ئەنجوومەنی شارۆچکەی سەرگەڕان بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "ئەمڕۆ نزیکەی 20 بۆ 25 عەرەبی هاوردە بە پاڵپشتی سوپای عێراق هاتنە سنووری سەرگەڕان، لیستێکیان پێبوو کە ناوی 17 گوندی سنوورەکەی تێدابوو، تێیدا کاری سەرجەم ئەو دەڕاسانەیان راگرت کە دروێنەیان دەکرد و بۆیە ئێستا لە سنوورەکە دروێنەکردن وەستاوە".   

ئەندامەکەی ئەنجوومەنی سەرگەڕان رایگەیاند، گوندەکان بریتین لە "پەلکانە، سەربەشاخ، شاناغە، دەربەند، جاستان، تەل هەلالە، جێسوومە، چەرد، گابەڵەکە، خەرابە، قوچ، قەپڵان، سارەلوو، لهێبان، سەرگەڕان، داود گورگە و سێقوچان". 

مەریوان نادر، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە پارێزگای کەرکووک بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند "لەسەر هێڵین و لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانە. کۆبوونەوەکانمان لەبارەی هەموو کێشەکانی کەرکووک بەردەوامن، ئەمە ئەرک و بەرپرسیاریەتی هەموولایەنەکانە و پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش هەڵوێستێکی جیدی لەبارەی ئەم بابەتە هەبێت".

پەرلەمانتارەکەی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دووپاتیکردەوە "ئەم بابەتە سیاسییە، راستە بە یاسا چارەسەر دەکرێت بەڵام سیاسییە، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە کوردستانییەکان هەڵوێستی جیدیان هەبێت و بێنە سەر هێڵ بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی بۆ کۆتاییهێنان بەم کێشانە، کە چارەسەرکردنیان لە چوارچێوەی مادەی 140 هەنگاوی باشی بڕیووە و پێویستە تاوەکو دوا هەنگاو پێکەوەبین بۆ جێبەجێکردن و چارەسەرکردنیان".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە