رووداو – هەولێر
ئەندامێکی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی دەستی لەكاركێشاوەتەوە و ئەندامێكی سەركردایەتی ئەو حیزبەش دەڵێ "نابێ كەس لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكان رابكات".
قسەكردن لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسان لە نێو یەكگرتووی ئیسلامی هێشتا جێگەی مشتومڕەو لایەنگرانی یەكگرتووش بەردەوامن لە دروستكردنی گوشار بۆ سەر سەركردایەتی حیزبەكە.
(رووداو) لە سەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامییەوە زانیویەتی كە هیوا میرزا سابیر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و هەروەها ،پۆستی لێپرسراوی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی هەبووە، دەست لەكاركێشانەوەی داوەتە مەكتەبی سیاسی حیزبەكەی.
سەرچاوەیەكی نزیك لە هیوا میرزا سابیر بە (رووداو)ی راگەیاند "كاك هیوا بەرپرسی كەمپەینی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو لە ناوچەی شارەزور و هەڵەبجەی تازە، كاتێك ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەكان دەرچوو یەكگرتوو لەو ناوچەیە دەنگی كەمی كردبوو، بۆیە كاك هیوا وەك هەستكردن بە بەرپرسیارێتی دەست لەكاركێشانەوەی خۆی پێشكەش كرد و بەهیچ شێوەیەكیش لێی پاشگەز نابێتەوە".
یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ناوچەی شارەزوور نزیكەی 11 هەزار دەنگی هەبووە، بەڵام دوای هەڵبژاردنەكانی 30ی نیسان نزیكەی 500 دەنگی لەدەست دابوو.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی، هەواڵی دەست لەكاركێشانەوەی هیوا میرزای پشتڕاست كردەوە و بە (رووداو)ی گوت "بەڵێ كردوویەتی، بەڵام قبوڵ نەكراوە".
هەڵەدنی ئەوەشیگوت "دوای دەرچوونی ئەنجامە نافەرمییەكانی هەڵبژاردن هەندێ لە برادەرانی مەكتەبی سیاسی دەڵێن با شتێكی وا بكەین (دەست لەكار بكێشینەوە) و دەڵێن ئەمە بۆچوونێكی جوانە و با ئەو عورفە دابهێنین. بۆچوونێكیش هەیە دەڵێ ئەم هەنگاوە خزمەت ناكات و نابێت مرۆڤ لە بەرپرسیارێتی رابكات".
بەشێك لە كادیرانی یەكگرتوو دەڵێن لەبەر ئەوەی حیزبەكەیان پێش هەڵبژاردن بە رۆژێك رێككەوتنی لەگەڵ پارتی ئیمزا كرد بۆ پێكهێنانی حكومەت، ئەوە وایكرد دەنگەكانی كەم بكات، بەڵام ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەو بۆچوونانە رەتدەكاتەوە و دەڵێ "خەڵكی یەكگرتووش هەیە لە بادینان دەڵێ ئەمە دەستكەوت بووە و یەكگرتوو لەمەودوا دەتوانێ وەكو هێزێك خزمەت بكات".
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو رەخنە لەو هەنگاوە دەگرێ و دەڵێ "راستە یەكگرتوو دەنگی كەم كردووە، بەڵام ناكرێ كەس لە مەیدان رابكات، بەڵكو دەبێ هەموو لایەنێك هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان بدەن". گوتیشی "راستە كاك هیوا دەستی لەكاركێشاوەتەوە، بەڵام دەست لەكاركێشانەوەكەی قبوڵ نەكراوە، چونكە دەبێ ئەو بابەتە لە كۆبوونەوەی سەركردایەتی بخرێتە دەنگدانەوە".
هیوا میرزا سابیر، یەكێكە لە دامەزرێنەرانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كە لە 6/2/1994 ئیعلان كراوە.
هەریەك لە هادی عەلی، بەرپرسی پێشووی مەكتەبی سیاسی یەكگرتوو، ئەبوبەكر عەلی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی ئەو حیزبە رەخنەی توند لە سەركردایەتی دەگرن و بەتایبەت رووی رەخنەكانیان لە كەسی یەكەمی حیزب دەكەن و بە هۆكاری كەمبوونەوەی دەنگەكانی یەكگرتووی دەزانن.
وا بڕیاربوو یەكگرتووی ئیسلامی لە 1/5/2014 كۆنفرانس ببەستێ، بەڵام لەبەر هەڵبژاردنەكان دواخرا. بەپێی زانیارییەكانی (رووداو) هێشتا ساخنەبووەتەوە ئایا كۆنفرانسەكە پێش مانگی رەمەزان، یان دوای مانگی رەمەزان دەبەسترێ.


