رووداو - هەولێر ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەستگیرکردنی "گرووپێکی تیرۆریستی" راگەیاند، کە سەر بە رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (ناسراو بە داعش) بوون و ویستوویانە لە هەولێر تەقینەوە ئەنجامبدەن. ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 18-5-2015 راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو تێیدا هاتووە، دەڵێ "لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، توانرا گرووپێکی تیرۆریستی داعش دەستگیربکرێت و سەرجەم پیلانەکانیان پووچەڵبکرێتەوە". راگەیێندراوەکە زانیاریی ئەوەی داوە کە "ئەو گرووپە لە 6 کەس پێکدێن و سەرجەمیان دانیشتووی هەولێرن و کوردن، ئەو تیرۆریستانە دانیان بەوەدا ناوە کە لە مزگەوتەکان بە بیری تووندڕۆیی پەروەردەکراون و پەیوەندییان لەگەڵ داعش دروستکردووەو لەلایەن داعشەوە داوایان لێکراوە کردەوەی تیرۆریستی لە شاری هەولێر ئەنجامبدەن". ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەش دەکات "ئەم گرووپە 18 بۆمبیان ئامادەکردبوو بۆ ئەوەی لە چەند شوێنێکی گشتی بیانتەقێننەوە". لە راگەیێندراوەکەدا ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان سوپاسی هاوکاریی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکات بۆ هاوکاریکردنی دەزگا ئەمنییەکان. ئاماژە بەوەشکراوە، کە کەسوکاری هەندێک لەوانەی دەستگیرکراون هاوکاریی ئۆپەراسیۆنەکەیان کردووە.