رووداو- واشنتن
به‌رپرسێكی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا راسته‌وخۆ چه‌كی بۆ باشووری كوردستان دابینكردووه، بانگه‌شه‌یه‌ك كه واده‌رده‌كه‌وێت ناكۆكبێت له‌گه‌ڵ گوتاری به‌رپرسانی سه‌ربازی ئه‌مریكا.
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له هەڤپەیڤینێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی میدیای رووداو له واشنتن، رایگه‌یاند:" ئه‌مریكا هه‌ندێك چه‌كی راسته‌وخۆ بۆ كوردستان ناردووه،" تا له‌شه‌ڕی دژی چه‌كداره‌كانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی (داعش) به‌كاریانبهێنێت.
تاڵه‌بانی ده‌ڵێت،" ئه‌مریكا ته‌نیا راستەوخۆ چه‌كمان بۆ نانێرێت، به‌ڵكو هانی وڵاتانی دیكەش ده‌دات بۆ ئه‌وه‌ی چه‌كمان بۆ بنێرن."
گوته‌كانی تاڵه‌بانی ئاخاوتنی پله‌به‌رزترین به‌رپرسی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه كه جه‌خت له‌وه بكاته‌وه ئه‌مریكا راسته‌وخۆ - بێچوون بۆ به‌غدا - چه‌كی ناردووەته هه‌ولێر و له گرژیدایه له‌گه‌ڵ پێگه‌ی فه‌رمی و راگه‌یێندراوی حكومه‌تی ئه‌مریكا.
رۆژی 29 ی ئابی 2014، جۆن كێربی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا، له‌وه‌ڵامی پرسیارێكی په‌یامنێری رووداودا، له‌سه‌ر هه‌مان مه‌سه‌له به‌مشێوه‌یه وه‌ڵامی دایه‌وه: "ئێستا وه‌كو ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، رۆڵی ئێمه، له رووی مه‌بده‌ئییه‌وه هاوكاریكردنه له گواستنه‌وه‌ی لۆجستی شتومه‌كه‌كان بۆ هێزه كوردییه‌كان. هیچ بڕیاڕێك نه‌دراوه تا راسته‌وخۆ چه‌كی ئه‌مریكا بۆ كورد دابینبكرێت."
له‌باره‌ی ئەو وڵاتانه‌ی دیکەوە كه چه‌ك بۆ پێشمه‌رگه دابینده‌كه‌ن، گوته‌بێژه‌كه‌ی پنتاگۆن، ئه‌و كات گوتی "وڵاتانی تریش هه‌ن، كه ئێستا ژماره‌یا‌ن حه‌وت وڵاته و ئاماده‌ییان نیشانداوه كۆمه‌كی سه‌ربازی بۆ هێزه كوردییه‌كان دابین بكه‌ن. رێگه‌ده‌ده‌م ئه‌و وڵاتانه خۆیان بۆ خۆیان قسه‌بكه‌ن كه ئه‌و كاره چۆن ده‌كه‌ن."
له نیوه‌ی یه‌كه‌می مانگی ئابدا، هێزه‌كانی داعش، دوای گرتنی دووه‌م گه‌وره‌ترین شاری عێراق، ئاراسته‌ی هێرشه‌كانی به‌ره‌و هه‌ولێر گۆڕی، بڕیارێك كه بووه هۆی ئه‌وه‌ی ئۆباما به كرداری هه‌نگاو دژی ئه‌و چه‌كداره تووندڕه‌وه سوونییانه بگرێته‌به‌ر. له‌و كاته‌وه تا ئێستا سه‌دان هێرشی ئاسمانی كراونه‌ته سه‌ر داعش له هه‌ردوو وڵاتی عێراق و سووریا.
هه‌رچه‌نده به‌شداری سەر‌بازی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی توانیان رێگه له داگیركردنی زیاتری خاكی كوردستان بگرن له لایه‌ن داعشه‌وه، بەڵام سه‌ركه‌وتنی ئۆپه‌راسیۆنه‌كان له ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان زۆر سنوورداتر بووه.
ئه‌مه‌ش ئه‌و بۆچوونه‌ی له ئه‌مریكا به‌هێزكردووه، كه پێشمه‌رگه هێزێكی به‌توانا و كاریگه‌ره له شه‌ڕكردن دژی داعش و داواده‌كرێت هاوكاری زیاتر بكرێن.
كۆنگرێسی ئه‌مریكا ئێستا پرۆژه یاسایه‌كی پێشكه‌شكردووه، كه چاوه‌ڕێده‌كرێت مانگی داهاتوو گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت، ده‌سه‌ڵات به‌سه‌رۆك باراك ئۆباما ده‌دات راسته‌وخۆ چه‌ك بۆ كورد دابین بكات. تاڵه‌بانی ده‌ڵێت "تا ئێستا 32 ئه‌ندام (ی كۆنگرێس) پاڵپشتی ئه‌م پرۆژه یاسایه‌یان كردووه."
جگه له بواری سه‌ربازی، تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت كه پێگه‌ی ئه‌مریكا ته‌نانه‌ت له باره‌ی سیاسه‌تی نه‌وتی كوردستانیشه‌وه "گۆڕانی" به‌سه‌رداهاتووه. پێگه‌ی فه‌رمی و ئاشكرای حكومه‌تی ئه‌مریكا له باره‌ی نه‌وتی عێراقه‌وه تا ئێستاش ئه‌وه‌یه كه كوردستان به هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا نه‌وت بفرۆشێت. به‌ڵام گوته‌كانی به‌رپرسه كورده‌كه پرسیار دروست ده‌كه‌ن كه ئایا پێگه‌ی ئاشكرای حكومه‌تی ئه‌مریكا هاوته‌ریبه له‌گه‌ڵ كرداره‌كانیدا.
تاڵه‌بانی گوتی، "پێموایه سیاسه‌تی ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر به‌نه‌وتی كوردستان، تاڕاده‌یه‌ك گۆڕاوه. پێموایه ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه پێشتر هه‌یانبوو گۆڕاوه."
هه‌رچه‌نده تاڵه‌بانی زیاتر روونی نه‌كرده‌وه كه گۆڕانكارییه‌كه به‌تایبه‌تی چییه، به‌ڵام زانیارییه‌كی نوێی باسكرد له‌باره‌ی ئه‌و كه‌شتییه نه‌وتییه‌وه كه ماوه‌یه‌ك له ئاوه‌كانی نزیك ویلایه‌تی تێكساس راوه‌ستابوو به‌هۆی سكاڵایه‌كی یاسایی حكومه‌تی عێراقه‌وه. نێوبراو گوتی له‌وكاته‌دا "كه‌شتییه نه‌وته‌كه‌ی تێكساس فرۆشرابوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ