هێمن هەورامی لەبارەی ''دەسەڵاتی قۆرخکراو'' وەڵامی قوباد تاڵەبانی دەداتەوە

17-09-2018
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن هێمن هەورامی قوبادی تاڵەبانی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بانگەشەی حیزبەکەی لە ناوچەی قەرەداخی سلێمانی رایگەیاند، ئەو کەس و حیزبەی داوای گەڕاندنەوەی ''دەسەڵاتی قۆرخکراو'' لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دەکات، با جارێ دەسەڵاتە قۆرخکراوەکانی سلێمانی بەو ئەو لایەنە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (مەبەست لێی گۆڕان) بداتەوە.


هێمن هەورامی، کە ئەندامی سەرکردایەتیی پارتییە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و ژمارە یەکی ئەو حیزبەیە، رۆژی دووشەممە 17-9-2018، لە ئاهەنگی پارتی لە قەرەداخ گوتارێکی پێشکەشکرد و لە بەشێکی گوتارەکەیدا وەڵامی هاوتاکەی لە لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان دایەوە. 

قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیستی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان کە هاوکات جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، لە گوتارەکانیدا لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەڵێنی ئەوە دەدات بە لایەنگرانی کە ''دەسەڵاتی قۆرخکراو'' لە هەولێرەوە دێنێتەوە بۆ سلێمانی.

هێمن هەورامی، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە وەڵامی قسەکانی قوباد تاڵەبانی دەڵێت: "ئەو کەس و حیزبەی داوای گەڕاندنەوەی 'دەسەڵاتی قۆرخکراو' لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی دەکات، با جارێ دەسەڵاتە قۆرخکراوەکانی سلێمانی بەو ئەو لایەنە براوەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بگەڕێنێتەوە، کە مەبەست لێی (گۆڕان)ـە".

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەشکرد، حیزبێک نەتوانێت کێشەکانی ناوخۆی خۆی چارسەربکات چۆن دەتوانێت بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی خەڵک بدات و داواشی لە خەڵکی سلێمانی کرد کە لە هەڵبژاردن دەنگ بدەن بە لیستی پارتی و کۆتایی بهێنن بە ناسەقامگیری سیاسی لەو شارە.

هێمن هەورامی دەڵێت: ''تاوەکو پارتی کورسی زیاتر بهێنێت سەقامگیری و ئاوەدانی زیاتر دەبێت و دەبێتە کۆتاییەک بۆ باڵ باڵێن و ماڵ ماڵێنی ئەم حیزب و ئەو حیزب و بازرگانیکردن بە دەنگدەرانی سلێمانی و بێهیواکردنی گەنجەکانیان لەبەر پۆستێک لە بەغدا لەبری خزمەتگوزاری زیاتر".

سەرۆکی لیستی پارتی ئاماژەی بەوەشکرد، دەبێت کوردستان ببێتە خاوەنی دەستوورێکی نوێ کە بتوانین پرۆسی سیاسی و دیموکراتییەکان رێکبخەینەوە، دەستوورێک بۆ کۆتاییهێنان بەو هەوڵانەی دەیانەوێت یەکێتی خاکی کوردستان بخەنە مەترسییەوە.

لە کۆتایی گووتارکەیدا هێمن هەورامی بە لایەنگرانی حیزبەکەی راگەیاند، کە ئەوان بەڵێنی ناوەڕۆک بەتاڵ و ناڕاست بە خەڵک نادەن و دەشڵێت "ئێمە حیزبی بەرپرسیاریەتین و بەڵینێک نادەین جێبەجێی نەکەین، چونکە کوردستان لە هەموو کەسمان گەورەترە".

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە